شاندێک کە پێکهاتووە لە 11 کەس بە سەرۆکایەتی عیسی موسی پارێزەری پێشینی ماندیلا لە کۆتایی هەفتەی رابوردوودا گەیشتنە تورکیا بە هیوا چاوپێکەوتنیان بە ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆتایی هێنان بەو شەرەی لە شارە کوردیەکاندا لە ئارادایە. ئاخۆ شیانی هەیە لەم بارودۆخەدا رێگایان پێی بدرێ؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" شیانی ئەو رێگا پێدانە زۆر لاوازە، بەڵام چوونی ئەو شاندە بە سەرۆکاتی کەسایەتیەک وەکو عیسی موسی، ئەوە بۆ خۆێ سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دیپلۆماسی کورد بە تاێبەت کە چاویان بە چەندین لە کەسایەتیەکان کەوتووە.
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت ئەگەر هات و حکومەتی تورکیا ملی دا بەو دیدارە، ئەوە پێشکەوتنێکی زۆر زۆر باشە، وە ئەگەریش رێگا نەدا ئەو دیسان فیشاریكی نێۆنەتەوەیی لەسەر تورکیا زۆرتر دەبێتەوە وە بیر و رای جیهانی بە دژی تورکیا بە هێزتر دەبێت و لە هەموو گرنگتر سەرکەوتنێکە بۆ ئەو بزاڤەی کە 17 ساڵ لەمەوبەرەوە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە ئۆجەلان دەبێتە ماندیلایەک.
کاک هێمن دەشڵێت من پێم وایە دیپلۆماسی کورد تا ئێستا سەرکەوتوو بوە وە نابێ چاومان لەوە بێ کە دونیا بێت بە هاواری کوردەوە ، بەڵکو کورد دەبێ فیشار بێنی و لە ئاستی جیهاندا دیپلۆماسی بکات. من هەم هاتنی ئەو شاندە بە سەرکەوتنێک دەزانم وە هەم ئەو هەوڵەی کە لە یەکێتی ئەوروپا بیستمان بۆ کۆکردنەوەی واژووی 100 پەرلەمانتار بۆ ئازادی ئۆجەلان".