دیارە ئازادی بیرورا دەربڕین یەکێک لە هەرە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بە هۆێ بێزاری دەربڕینەکانی ئەم دواییەدا دژ بە کاربەدەستانی هەرێم لە هەوڵێر کەسانێک دەستگیر کران و هەمان شتیش لە سلێمانی دووبارە بوەوە. ئایا ئەمە بە واتای ئەوەیە هەموو ئەو بانگەشانەی کە دەکرا گوایە لە هەرێمدا ئازادی و ئاسایش هەیە پووچ دەرچوو؟
مەم بورهان قانع رۆژنامەوان و سەرۆکی رێکخراوەی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیمۆکراسی و میدیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت " لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئازادی بیرورا دەڕبڕین پێوەڕی بنەڕەتیە بۆ چەسپاندنی سیستمی دیمۆکراسی، کە واتە ئەگەر لە ڕوانگەی پرسی زیان گەیاندن بەو کەسانە یان ئەو هاووڵاتیانە بکرێت کە بابەتێکی ڕۆژنامەوانیان بڵاوکردووەتەوە یان لە کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە قسەیان کردووە یان ڕەخنەیان گرتووە وە یاخود لە سەکۆیەک لە سەکوەکان قسەیان کردووە، ڕەخنەیان گرتووە، نابێ ئەم بیروڕا دەڕبڕینە ببێتەو هۆێ ئەوەی کە زیان بە ئاسایشی کەسەکە بگەیەنرێت، لێپیچینەوە وە یاخود زیندانی بکرێت".
لە پەیوەندی بەو ئازادیانە و دەستگیر کردنی (مولازم فەرامۆش) کاکە مەم دەڵێت "من ووردە کاری لە لام نییە ئاخۆ بە فەرمانی چ کارکتەرێکی سیاسی دەستگیر کراوە وە یاخود بە فەرمانی دادگاە، بەڵام ئەو زانیارانەی کە لە رێ تۆڕە کۆمەڵاتیەکان و هەندێ لە ساێتەکانەوە بەرچاوومان دەکەوێ، فەرمانێکی دادوەری بۆ دەر نەچووە".
کاک مەم دەشڵێت" پرسی ئازادی رۆژنامەگەری ئەوە نییە هەموو شتێک بڵێیت، بیرمەندی فەرەنساوی جان پۆڵ سارتر دەڵێت ( ئازادی لەو شوێنە کۆتایی پێی دێت کە ئازادی تۆ دەستپێدەکات) واتە یا من تا ئەو شوێنە ئازادم کە ئازادی تۆ پێشل نەکەم".