دیکتاتۆرەکان، فاشیستەکان، فەرمانرەوایە ستەمکارەکان، قاچاغانی مرۆڤ، هەموو خاوەن یەک جۆرە سرۆشتن، کە هەر هەموویان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەرزشیان بۆ هیچ شتێک نییە.
هەر وەکو هەندێ لە وڵاتانی جیهانی سیەم، باس لەوە دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش بازرگانی بە لەشی مرۆڤەوە، بە دڵ و جەرگ و گورچیلەی مرۆڤەوە دەکرێت. ئاخۆ تا چەند ئەم کێشە راستە وە تا چەند بە دووادا چوونی کراوە؟
سالار مەحمود ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" لە راستیدا پرسی بازرگانی بە مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی وە یاخود بازرگانی کردن بە لەشی مرۆڤ، بە بەشێک لە لەشی مرۆڤ ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستان وە لە عێراقدا خەریکە دەبێتە دیاردە، ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەوەیە سیستمێکی تەندرووستی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هێشتا پەیڕەو نەکراوە".
کاک سالار هەر وەها دەڵێت " هەر وەکو لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و بوارەکانی تری یاسادا پێویستیمان بە چاکسازیەکی بنەڕەتی هەیە، لە کەرتی تەندرووستیدا لە کوردستان و عێراق بە هەمان شێوە پێویستی هەیە، وە هەر وەها لێکۆڵینەوە لەم بارودۆخەدا هەیە کە بۆچی هەندێک جار لە سایەی دەسەڵاتە گشتیەکاندا، خەڵک لەبەر بژێوی پەنا دەباتە بەر فرۆشتنی بەشێک لە لەشی خۆێ ".
کاک سالار دەشڵێت " ئەمە یەکێکە لە ئاماژە مەترسیدارەکانی شکەستی سیستمی حوکمڕانی لە هەر وڵاتێکدا، کە ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم بارەش خەریکە دەبێت بە دیاردە، وە لە دیاردە بوونی ئەم پرسەدا ئاسەوارێکی تری بەد ئەچێتە پاڵ هەموو ئەو دیاردە نەخوازراوانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".