بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای یارمەتی داراییان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەش بەوە کراوە دەسەڵاتدارانی ئێران قایل بوون بە دانی قەرز بە هەرێم بەو مەرجەی ئێران بەشی هەبێت لە داهاتی نەوتی هەرێمدا.
عەلی کەریمی نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت ڕووداوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن هەموو پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ڕژیمە یەک بە دوا یەکەکانی ئێراندا ڕابردوویەکی زۆر کۆن و تەنانەت ناخۆشیشی هەیە و دەشڵێت لە تەواوی ئەو پەیوەندیانەی نێوان کوردی باشور و دەوڵەتەکانی ئێراندا هەر تەنها بۆ سود و بەرژەوەندی ئێران بووە و ئێستاش لەگەڵ ئەم قەیرانە دارایی و ئابوریەی هەرێمی کوردستانی تیادایە و لە دەرگای ئێران دەدرێت بۆ یارمەتی وەرگرتن دەبێت ئەوە بزانرێت کە ڕژێمی ئێران بە بەلاش هیچ شتێک بۆ کورد ناکات.
بەڕێز کەریمی ئاماژەش بەوە دەکات کە بە درێژایی ئەم ساڵانەی ڕابردووش نەوت بە تانکەر نێردراوە بۆ ئێران و ئێرانیش سودێکی زۆری دەستکەوتووە لەو تانکەرانە و دەشڵێت ئێستا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشور سەر و سەودایەکی ژیرانە لەگەڵ ئێراندا بکات و تەواوی هێلکەکان لە سەبەتەی تورکیادا دانەنێت و بتوانێت ئەڵتەرناتیڤێکی هەبێت، نەک بەو شێوەیەی ئێران ئاغا بێت و بە ئارەزووی خۆی نرخ دابنێت.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ عەلی کەریمی نوسەر و لێکۆڵەر کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: