دوابەدوای ژمارەیەک خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە بەغدا و هەندێک شار و شارۆچکەی تری عێراقدا سەرەک وەزیری وڵاتەکە دەستیکرد بە هەنگاوەکانی بۆ چاکسازی.
لەگەڵ ئەوەشدا کە لە دەستپێکی ئەم هەنگاوانەدا لە ناو پەرلەمانی عێراقدا تێکڕاییەک هەبوو بۆ پشتیوانکردنی حەیدەر عەبادی بەڵام دواتر هەندێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان داوای تاوتوێکردنێکی وردی ئەم هەنگاوانەی سەرەک وەزیری وڵاتەکە کرا.
عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەڵێت هێشتاش نازانرێت ئایا حەیدەر عەبادی مەبەستی لە چییە؟ چاکسازی یان گۆڕانکاری؟! و دەشڵێت چاکسازی پرۆسەیەکی بەرفراوانە و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە و هەرچی گۆڕانکاریشە تەنها پۆستە وەزارییەکان دەگرێتەوە و ئەمەش بەس نییە بۆ چاکسازی کردن.
ئەم ئەندامەی پەرلەمان دەڵێت پێدانی پۆستەکان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی دابەشکردنی سیاسی دۆسێیەکی گرنگە کە پێویستە عەبادی کاری لەسەر بکات و دەشڵێت پۆستی وەزارەتەکان پۆستی سیاسین هەربۆیە ناتوانن کارنامەکانی خۆیان جێبەجێبکەن لەبەر بەرژەوەندی سیاسی خۆیان.
عالیە نوسەیف جاسم دەڵێت لەمڕۆی عێراقدا سەرکەوتنی ئاسایشی زۆر هەن بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بەڵام شکستی سیاسیش زۆرن.
ئێستاش پرسیار ئەوەیە ئایا سەرەک وەزیری عێراق دەتوانێت لە دوو بەرەدا بکەوێتە شەڕ؟ شەڕێکیان دژی گەندەڵی و ئەوەی تریشیان شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی، کە بە ڕای چاودێران گەندەڵی هێندەی دەوڵەتی ئیسلامی مایەی هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر ئایندەی هەر وڵاتێک.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: