رۆژنامەوان هیوا گوڵ مەحەمەدی لە ووتارێکدا باس لەوە دەکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت گوایە پێش ئەوەی تەقینەوەیەک لە تورکیا ئەنجام بدرێت ئەمان لێرەوە شەرمەزاری دەکەن و دەنووسێت" هێشتا نەتەقیوەتەوە مەحکومی دەکەن" . ئاخۆ ئەم جۆرە رەخنە گرتنانە هەر تەنها مەسعود بارزانی و سەرانی پارتی دەگرێتەوە، یاخود بە هەمان شێوە پارتە کوردیەکانی تر و سەرانیان ؟
رۆژنامەوان هیوا گوڵ مەحەمەدی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەو بابەتە ئاماژەیە بە دووایین تەقینەوەکەی ئیستانبول وە هەر وەها هەڵوێستی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە باکوری کوردستان، مەبەست لەو تەقینەوانەیە، مەبەست لەو رەوشە کە ئێستاکە لە باکوری کوردستان هەیە، لەم چوارچێوەیەدا دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان، بە تایبەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی وە نێچیرڤان بارزانی بێدەنگن، بەڵام کاتێک لە ئیستانبول یان لە شوێنەکانی تر شەرێک دەبێ یان عەسکەرێکی تورکیا دەکوژرێت، یەکسەر دێنە سەر خەت و مەحکوم وە یاخود شەرمەزاری دەکەن وە رەوایەتی دەدەن بەو کار و کردەوانەی کە ئەرتەشی تورکیا، دەسەڵاتدارانی تورکیا وە ئاکەپە دەیکات"
کاک هیوا هەر وەها دەڵێت لە حاڵەتێکی ئەوهادا پشتێوانیکردن لە دەسەڵاتێکی وا لە لایەن کوردەوە، بە هەر ناوێک و بە هەر بیانۆیەکەوە بیت، بێگومان شتێکی باش نییە، شتێکی بەدە وە شتێکە لە دەرەوەی بەرژەوەندی و پرەنسیپ و ئەخلاق و سیاسەت و تێکۆشانی کوردە".
کاک هیوا دەشڵێت " مەسەلەکە هەر پارتی و بارزانی نییە بەڵکو هەڵوێستەکانە، کێ لەم هەڵویستەدا، کێ لەم بەرەدا بەشدارە، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە و هەموویان جێگای رەخنەن، رەخنەکە بۆ ئەوە نییە دوژمنایەتی ئەم لایەنە بکرێ، واتە رەخنەیەکی دوژمنانە نییە، رەخنەیەکە بۆ تێگەیشتن، رەخنەیەکە بۆ تێگەیشتن لەم قۆناغەی کە ئێستا هەیە، بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم مێژوویەی کە کوردی گەیندوەتە ئەمرۆ".