وا دەبیستین و وا دەووترێت گوایە قسەی بەرپرسان و کاربەدەستانی هەرێم، چ ئەوەی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا دەنووسرێت وە یاخود ئەوەی لە رادیۆ و تەلفزیونەکاندا بڵاو دەبنەوە ئەوەندە دژ بە یەکن لەم میانەدا راستیەکان وون دەبن. تا چەند ئەم جۆرە بۆچوونانە راستن وە تا چەند ئەم هەڵس و کەوتانە دەچنە خانەی چەواشە کاریەوە؟
کەمال رەئوف سەرنووسەری گۆڤاری شار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لە راستیدا هەلومەرج وە یاخود دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە مرۆڤ دەتوانی بڵێت رۆڵی چەواشەکاریانەی زۆرترە لەوەی کە رۆڵی سەرەکی خۆێ لە پێدانی زانیاری راست و درووت ببێنێت، ئەوەش بە هۆێ ئەوەیە حیزبەکان بەوەی کە هەموو کاغەزەکان تێکەڵ کەن، رەش و سپی لە خەڵک تێکەڵ کەن".
کاک کەماڵ هەر وەها دەڵێت " بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان لە ووتنی راستیەکان دەترسن و نایانەوێ راستیەکان بگاتە لای خوێنەران و لای هاووڵاتیان"
کاک کەمال لەبەرامبەر بەوەی کاتێک سەرکردەیەک، بەرپرسێک بەسەری کەسێک وە یاخود بە گۆڕی شەهیدان سوێند دەخوات، دەڵێت " لەوە زیاتریش ئەوەمان بینیوە، کە زۆرجار لە شوێنێکی رەسمی وەکو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و لە ووتارە فەرمیەکانی خۆیاندا سوێند بە خوا و پێغەمبەر و بە پیروزە ئاێینیەکان و گۆری شەهیدان سوێند دەخۆن، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە بەرپرسەکان ئەزانن کە (متمانەی) قسەکانیان لە نێۆ خەڵکدا، زۆربەی بەرپرسەکان، نەڵێن نەک هەر هەموویان، ئەزانن قسەکانیان هێز و ئینرژی نییە لای خەڵک، جێگای متمانە نییە لای خەڵک بۆیە پەنا دەبەنە بەر سوێند خواردن بە پیرۆزیەکان و بە موقەدەساتی ئاێینی و بە خوێنی شەهیدان".