هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەحکومەتی نێوەندی عێراق، سەرەک وەزیری وڵاتەکە دەستدەکات بە هەوڵەکانی بۆ ڕیفۆرم و هەروەهاش گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەیدا.
خۆپیشاندەران و بە تایبەتیش لایەنگرانی موقتەدا ئەلسەدر داوا دەکەن تا حەیدەر ئەلعەبادی دەستوبرد بکات لە ڕیفۆرم و هەروەهاش لە ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتەکەیدا.
موقتەدا ئەلسەدر کەسایەتی ناوداری شیعەکان وادەیەکی داناوە بۆ سەرەک وەزیری وڵاتەکە تا داواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.
ئێستاش پرسیار ئەوەیە ئایا حەیدەر ئەلعەبادی سەرکەوتوو دەبێت لەم هەوڵانەیدا یان نا؟
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت تا ئێستا ئەو گۆڕانکاریانەی عەبادی باسیان دەکات هیچیان نەکراون و تا کاتی ئەم وتووێژە هێشتا سەرەک وەزیری وڵاتەکە بە فەرمی هیچ شتێکی نەخستۆتە بەردەست پەرلەمانی عێراق بەڵکو تەنها نوسرواێکی ناردووە بۆ فراکسیۆنەکان و داوای کردووە تا کاندیدیان هەبێت و دەشڵێت تا ئێستا عەبادی ئەو وەزارەتانەی دیار نەکردووە کە دەیەوێت گۆڕانکارییان تیادا بکات.
زۆرێک لە چاودێر و شیکەرەوەی سیاسی باس لەوە دەکەن عێراق هەروادێ و تایبەتمەندێتییەکانی دەوڵەت بوونی خۆی لە دەست دەدات، لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر وایە کەواتە کورد لە بەغدا چی دەکات؟
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو جۆرە ڕوانینانە تەنها قسەی میدیاکانە و هیچ لایەنێکی سیاسی نییە بڵێت دەخوازێت لە عێراق جیاببێتەوە و دەشڵێت لەگەڵ هەموو هێزە ناوچەییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدا لایەنەکان جەخت لە یەکگرتوویی عێراق دەکەنەوە، هەر بۆیە ئەو قسەیەی دەڵێت عێراق بنەماکانی دەوڵەت بوونی نەماوە و کورد لەوێ چی دەکات وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت " من لە هیچ هێزێکی سیاسی کوردیم نەبیستووە بە فەرمی ڕایبگەیەنێت عێراق بنەمای دەوڵەت بوونی نەماوە و با کورد لە پرۆسەی سیاسی بێتە دەرەوە."
ئارام شێخ موحەمەد ئاماژەش بەوە دەکات فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ گۆڕانکاریدان و کاردانەوەیەکی نەرێنیشیان نەبووە بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە پێویستە دابەشکردنی پۆستەکان بە ڕێژەی لە سەدا 20 بێت بۆ کورد و دەشڵێت پێویستیش دەکات نوێنەرانی کورد لە ڕێی لایەنە سیاسییەکانی بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دیار بکرێن نەک کاندیدەکان لە دەرەوەی نوێنەرایەتی سیاسی دەستنیشان بکرێن.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ ئارام شێخ موحەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: