گۆران ئازاد: دەبێت خۆمان لەسەر چارەسەری کەرکوک بریار بدەین
کێشەی کەرکوک دیسانەوە لە دەمی سەردانی ئەم جارەی دکتۆر نەجمدین کەریم ئوستاندار یان پارێزگاری کەرکوک بۆ واشنتن کەوتە نێوانەوە. بە پێی میدیاکان دیارە دیسان وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ مانەوەی عێراقێکی یەکگرتوودایە.
مانەوەی چارەنووسی کەرکوک و ناوچەکانی تری دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەو شێوەی ئێستای لە ئەستۆێ کێدایە؟ بۆ دەبێ کورد چاوەڕوانی بریاری ئەمەریکا وە یاخود هەر لایەنێکی تر بن بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟
گۆران ئازاد ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دیارە کەرکوک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە بە پێی دەستوری عێراقی وە چارەنووسی بەستراوەتەوە بە پرسی ریفراندوم و بەو پێیە ( مبدئێک) نییە بە پێچەوانەی یەکپارچەگی خاکی عێراق بێت وەکو ووتە بێژەکانی ئەمەریکا باسی دەکەن، بەڵکۆ پرسێکە خۆێ چارەسەر نەکراوە، وە هەر کات ئەم پارێزگایە بگەرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان وە بە گەرانەوەی هەر دەکاتە یەکپارچەگی خاکی عێراق".
کاک گۆران هەر وەها دەڵێت" ئەبێ رێز لەو (مبدئە) بگێردرێت کە ئەم ناوچەیە خۆێ چارەنووسی خۆێ دەستنیشان بکات، وە ئێستا بە (فعلی) پێشمەرگەی کوردستان ئەم ناوچەییەی بە خوێن گەڕاندوەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی رێز لە بنەمای دیمۆکراسی بگێردرێ وە رای نەتەوەکانی دیکە وەکو تورکمان، کلدان و سریان و ئاشور و عەرەب لەبەر چاو بگێردرێ پێیمان وایە لەو ناوچانە ریفراندوم بگێردرێ بۆ ئەوەی کە ئایا لەسەر عێراق دەمێننەوە یان دەگەرێننەوە سەر هەرێمی کوردستان".
کاک گۆران دەشڵێت" من پێیم وایە کورد پێویستی بەوە نییە ئەمەریکا گڵۆبی سەوزی بۆ هەڵکا ئەوجا لەو ناوچانە ریفراندوم بکات، بەڵام پێویستی بەوە هەیە وتو وێژ و بیرورا گۆڕینەوە بکات و هیچ نەبێ نییەتی کورد روون بکا و داوای پاڵپشت و هاوکاری بکات، ئێمە دەبێ خۆمان بریارەکە بدەین بەڵام داوای پشتێوانی سەرخستنی بریارەکە لە کۆمەڵگاێ نێۆنەتەوەیی و هەموو دۆستانیش بکەین وە ئەمەریکاش هەم دۆستە و هەم یەکێکە لە هەرە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان".