سەرحەد ڤارتۆ: حکومەتی AKP و ئەردوگان چارەسەری سیاسی لە نەمانی کوردا دەبینن و دەرگای ئێمەش بۆ ئاشتی کراوەیە
ساڵانێکە شەرێکی دژوار لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە ئارادیە، بێجگە لەو ماوە کورتەی لە دەستپێکی پرۆسەکانی ئاشتیدا، فرۆکەکانی تورکیا بەسەر قەندیل و دەڤەری میدیا و ناوچەکانی تری کوردستاندا بە بەردەوامی لە فڕین و بوردوومان کردندا بوونە. ئاخۆ ئەم هێڕش و بوردوومانانە تا چەند ئامانجی خۆیان پێکاوون و ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە تا چەند راست و درووستن؟
سەرحەد ڤارتۆ ووتە بێژی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکن کوردستان KCK لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" لە نێوان هێزەکانی گەریلا و دەوڵەتی تورکدا لە باکوری کوردستاندا شەرێک دژوار هەیە بە تاێبەت لەگەڵ هێزەکانی YPS یشدا لە ناو باژێرەکانیشدا شەرێکی دژوار هەیە، وە ئەو شەرەش دەوڵەتی تورکیا دەستی پێکرد وە سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردوگان پێش هەڵبژاردنەکانی 7 حوزەیران لە کامپێنەکانی خۆێدا ووتبوو پەسەندی ئەم رێکەوتنەی دوڵمە باغچە ناکەم، کە ئەو رێکەوتنە بناغەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیادا بوو و هەر وەها لە هەمان کاتدا چارەسەری پرسی دیمۆکراتیش بوو لە تورکیادا بەڵام ئەو ووتی دەوڵەتی تورکیا بریاری هێڕشی داوە بۆ سەر گەلی کورد وە پاش 7 حوزەیران دەست بە هێڕشەکەیان کرد، بەڵام گەلی ئێمە لەسەر هەڵدانێکی مەزندا بەرەنگاری هێڕشەکاندا بونەوە و تا ئەمرۆش بەرخۆدان هەر بەردەوامە".
کاک سەرحەد هەر وەها دەڵێت" لەسەر ئەنجامی بەرخۆدانی ئێمە ئەو شەرە سەر نەکەوت و لە ناو تورکیادا، هەم لە ناو مەهەپە، لە ناو ئاکەپە و هەمیش لە ناو جەهەپەدا سەرنجێکی سیاسی روودا و هەموو ئاماژە بە تێکچوونی سیاسەتی دەولەتی تورکیا دەکات لە بەرامبەردا گەریلاکاندا و هەر وەها ئاماژە بەوە دەکات هەموو ئەو ئامارانەی کە لە بارەی زیانەکانی گەریلاکاندا بڵاو دەکرێنەوە بە تەواوی درۆن و راست نیین، بە جۆرێک شەرێکیان خستوەتە رێ کە موشەکێک دەهاوێژن و هێشتا لە ئاسماندایە دەڵێن 30 – 50 کەسمان کوشتووە، ئا بەم جۆرە پرۆپاگەندە دەکەن، لە کاتێکدا هەموو کەس دەزانێ گەریلا هێزێکی موبیلزەیە و لە جێگایەکدا راناوەستێ و کۆنترۆڵ کردنیان کارێکی ئەستەمە ".
کاک سەرحەد دەشڵێت" حکومەتی ئاک پارتی و ئەردوگان هەموو چارەنووسی خۆیان بەوە گرێ داوە لەم شەرەدا سەرکەون و کورد تێکبشکێنن و دەستیان لە خوێنی کوردا تێکەڵاوو بوە و ئەگەر بێت و لەم شەرەدا سەرنەکەون وا خۆیان دەبینن کە دەبێ دادگایی بکرێن و دەسەڵاتیان لە دەست بدەن، لەبەر ئەوە هەموو هێز و توانایی خۆیان بە گڕ خستوون بۆ ئەوەی لەم شەرەدا سەر بکەون و ئێمەش لە بەرخۆدانی خۆماندا بەردەوامین و وەکو تەڤگەرێک دەرگامان بۆ ئاشتی کراوەیە، بەڵام حکومەتی ئاک پارتی و ئەردوگان چارەسەری سیاسی لە نەمانی کورد دەبینن لەبەر ئەوەیە لەسەر بەردەوامی شەردا پێیداگری دەکەن".