شاری موسڵ لە ساڵی 2014 دا تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ماوەی 48 بۆ 72 کاژمێردا توانییان دەستی بەسەردا بگرن و دوو ساڵ بەسەر ئەو داگیرکردنەدا تێپەڕ دەبێت هێشتاش لەشکر و هێزە ئاسایشییەکانی تری عێراق نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەنەوە.
هۆکارەکان چین کە نەتوانراوە موسڵ ئازاد بکرێت؟
هونەر حاجی جاسم، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت هۆکاری ناوخۆیی و هەرێمی هەن و هۆکارە ناوخۆییەکە پەیوەندە بە پرۆسەی سیاسی عێراقەوە و پەیوەندیشی هەیە بە لەشکری وڵاتەکەشەوە و دەشڵێت هۆکارە هەرێمیەکەش پەیوەندی هەیە بە وڵاتانی ناوچەکەوە (تورکیا، ئێران، شانشینی عەرەبستانی سعودیە) کە بوونێکی زۆریان لە هاوکێشەکانی عێراقدا هەیە و بە تایبەتیش لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت.
هونەر ئاماژەش بەوە دەکات یەکێک لە گرفتەکانی تری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ ئەوەیە کە لەشکری عێراق تا ئێستا نەبۆتە لەشکرێکی نیشتمانی و زیاتر لەشکرێکە لەسەر بنچینەی ئاینزایی و دەڵێت ئەگەر هێزە عێراقییەکان بە هەردوو حەشدەکەوە (شەعبی و وەتەنی) بتوانن لە نێو خۆیاندا ڕێکبکەون ئەوا دەتوانن وەک هێزی پیادە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ئازادکردنی موسڵدا بەڵام وەک دەڵێت پێویست بە هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و بە تایبەتیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
ئایا دەکرێت لە ئێستاوە خوێندنەوە بۆ سیناریۆکانی پاش ئازادکردنی موسڵ بکرێت؟
هونەر حاجی جاسم دەڵێت بەشێک لە دواکەوتنی ئازادکردنی موسڵ، داهاتووی ئەم شارەیە و ئەو پرسیارانەی بە دوای خۆیدا دەیهێنێت، لەوانە ئایا دەکرێت هەرێمی سوننە دروست بکرێت بە ئایدیۆلۆژیای داعش یان ئایا ئەو هەرێمە سوننەیە لەسەر بنچینەی ئایدیۆلۆژیای بەعس پێکدەهێنرێت و ژمارەیەک پرسیاری تریش.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: