دکتۆر رێبوار فەتاح: ئەو شەرە گەورەی کە یەپەگە دەیکات لە میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا فەرامۆش کراوە
میدیا وە یاخود دام و دەزگاکانی راگەیاندن نەک هەر ئەمرۆ بەڵکو هەمیشە وەکو چەک و ئامرازێکی بەهێز بوونە لە چوونیەتی پێشاندانی کێشە و گرفتەکانی کات وە یاخود ئاراستە کردنی رەوتی رووداوەکان. ئاخۆ رۆڵی میدیا لە هەرێمی کوردستان چۆن لێ دەڕوانرێت. ئاخۆ میدیا لە هەرێمی کوردستان لە چ بارودۆخێکدایە وە چۆن هەڵدەسەنگرێت؟
دکتۆر رێبوار فەتاح شارەزای رۆژهەڵاتی ناڤین و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دیارە میدیاکانی کوردستان ئەمرۆ بە راستی هیچیان سەربەخۆ نیین بەو واتای ئەو سەربەخۆییەی کە لە ئەوروپا یان لە وڵاتانی دیمۆکراتدا ئەیانبینین، ئەمانە زۆرتر دەزگای حیزبین یان دەزگای کەسین، کە ئەو دەزگایانە زۆرتر بۆ کاروباری حیزبەکە یان کەسەکە کار ئەکەن نەک ئەوەی زانیاریە راستیەکان بگەێننە هاووڵاتیان".
دکتۆر رێبوار هەر وەها دەڵێت" ئەو دەزگایانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نییە لەبەر ئەوەی ئەو زانیاریانەی کە دەبێ بڵاو بکرێنەوە ناکرێن، بەڵکو ئەو زانیارانەی بڵاو دەکەنەوە کە لە بەرژەوەندی خۆیانە وە یاخود بەرز راگرتنی کەسایەتیەک وە یاخود سەرکردەیەک و بەسەر خەڵکدا بیکەن بە پاڵەوان، بە راستی ئەوە کاری میدیایی نییە بەڵکو ئەوە کاری حیزبیە".
دکتۆر رێبوار دەشڵێت" میدیاکانی هەرێمی کوردستان ئەرکە نیشتمانیەکانیان پشت گوێ خستوون بە باس نەکردنی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئەو شەرە گەورەی کە یەپەگە دەیکات فەرامۆش کراوە، بە راستی چەواشەکاری دەکەن وە ئەو سەوداییەی کە لەگەڵ ئەو زانیارانە پەیوەندی بە داعشەوە هەیە بەراستی هەڕەمەکیە".