میدیاکاران و راگەیاندنەکان لە نێوان کارامەیی و وابەستەگیدا، لەنێوان شەڕ و بەریەککەوتنی میدیایی و فشاری شارستانیدا، لەنێوان تایبەتمەندی دنیابینی و روانینی شارساتانی و بەشداریکردن لەشەڕێکدا کە وەک ئامڕاز و شەڕکەر بەکاربهێنرێن.
شارەزایان تیشکدەخەنە سەر گەلێک جیاوازی و نابەرابەری بێشومار کە لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئازادی رادەربڕین و ئازادی بڵاوکردنەوە لە دۆخێکی شارستانی و مرۆڤدۆستانەدایە و وڵاتگەلێکی دیکەش کە میدیای ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەریی لە بەردەم مەترسی شکست و داخستن و جەنگی تێکەڵبوونی شوناسەکاندایە. شارەزایان و چاودێران رایانوایە دیموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی رۆژنامەگری و بنەما هەرە بنچینەیەکانی مافی مرۆڤ و رووبەرەکانی ئازادی رادەربڕین و دادوەری کۆمەڵایەتی، خاڵی دەبێتە لەمانا هەرە بنەڕەتییەکانی.
سەبارەت بە بارودۆخی میدیا و کاری رۆژنامەگەری لەم جەنگە میدیاییە حیزبییەدا ئاسۆ جەبار وتووێژێکی لەگەڵ نیاز عەبدوڵا سازکردووە.
سەبارەت بە پشێوییە سیاسییەکان و نابەرپرسیارێتی میدیاکان نیاز عەبدوڵا دەڵێت "لەو حاڵەتانەی کە شڵەژانێکی سیاسی دروستدەبێت میدیا وەکو ئامڕازێکی شەڕکردن بەکاردەهێنرێت، پڕوپاگەندەی تیادا بەکاردەهێنرێت، تەشهیر و سوکایەتیکردن و هەموو ئەو پێوەرانەی دەبێت میدیا لەکاتی پیادەکردنیدا لێی بەدەربێت، ئەم دەزگا راگەیاندنانە پیادەی دەکەن."
هەروەها لەبارەی ئاستەنگەکانیشەوە دەڵێت "یاساکانی ئێمە لەهەرێمی کوردستان رێیان بە پارتی سیاسی داوە کە خاوەنی میدیای تایبەتی خۆیان بن، بەم هۆکارەش کاتێک دەبێتە موڵکی حیزب، حیزب وەک هەر یەکێک لەئامڕاز و کەرەستەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ میدیاکانی خۆی دەکات. واتە مامەڵە لەگەڵ میدیا ناکات وەک ئەوەی دەبێت راستی بگەیەنێت و خاوەن چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی بێت."
سەبارەت بە خاوەندارێتی حیزبەکان بۆ میدیا نیاز دەڵێت "حیزب هەیە لە کوردستان زیاتر لە 30 کەناڵی راگەیاندنی هەیە، دەیان رادیۆ، دەیان سەرچاوەی تری داهات بەکاردەخات، بۆ ئەوەی میدیای سێبەر دروستبکات."
هەروەها دەڵێت "تا ئەو شوێنەی عەقڵیەت و سیستمی سیاسی نەگۆڕێت؛ ئاسان گۆڕانکاری بەسەر میدیای هەرێمی کوردستاندا نایەت."
هاوکات نیاز دەڵێت "دەبێت مافی موڵکداریی بە تەواوەتی لەدەزگا حیزبییەکان بسەنینەوە."
دەتوانن لەڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە بن.....