تیرۆر پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لە کردەوەی رێکخراوو هەڵکوتانەوە بۆ کردەوەگەلی تاکەکەسی نادیاریکراو و تەمومژاویی، کاربەدەستانی فەرەنسا هێشتا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایە محەمەد لەحوەیج بوهلالی تەمەن 31 ساڵانی بە ڕەچەڵەک تونسی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ داعشدا هەبووە یان نا. داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆو ئەو هێرشبەرەی بە سەربازی خۆی لە قەڵەمدا.
سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ڕایگەیاند ئەو پیاوەی کە 84 کەسی لە ڕۆژی سەربەخۆی فەڕەنسا کوشت لە شاری نیس لە کاتێکدا بە لۆرییەک چوو بەسەریاندا، زۆر بە خێرایی و بەم دواییانە توندڕەو کراوە. ئەو خزم و هاوڕێیانەی ئەو پیاوە کە لە نیس وتووێژیان لەگەڵدا کراوە هەمویان دەڵێن ئەو کەسێک بووە کە بڕوای زۆر بە ئاین نەبووە و هەتاکو ئەم دواییانەش خواردنەوە کحولییەکانی خواردۆتەوە، جگەرەی کێشاوە و مەروانای کێشاوە و هەندێکیان دەڵێن تەنانەت گۆشتی بەرازیشی دەخوارد.
بەڵام ئەم کردەوە تیرۆریستییە کۆمەڵێک پرسیار و گەورەی وروژاند هاوکات سەرلەبەری دەزگا ئاسایشی و پۆلیسی و هەواڵگیرییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی دنیاشی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەی رژد و خوێندنەوەی جیاوازەوە.
لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار وتووێژێکی لەگەڵ سەرۆکی سەنتاری فەرەنسی/ کوردی لە پاریس دکتۆر لوئەی جاف سازداوە.
لوئەی جاف دەڵێت"مۆدێلی نوێی تیرۆر لە قاعیدە زۆر توندترە، ئەویش مۆدێلی داعشە کە وایکردووە بێ ناوەندەگەرایی بێت واتە تاڕادەیەک نامەرکەزیەت هەبێت لە ئیشەکانیاندا، واتە هەریەکێک لەلایەن خۆیەوە بتوانێت ئەو جۆرە کردەوانە بکات؛ واتە کردەوەی توندوتیژی ئەنجامبدات"
سەبارەت بە ئامانجە نوێکانی تیرۆریستان لوئەی جاف دەڵێت "ئامانجەکانی ئەوڕۆکەی تیرۆریستان بریتین لەشوێنی گێڕانی ئاهەنگ؛ واتە شوێنی سینەماکان، فیستیڤاڵ و ئاهەنگی گۆرانی کە لە بەتاڵکۆن کرا؛ وە پێشوتر رۆژنامە بوو؛ کە سەرچاوەی ئازادی و ئازادی رادەربڕینە، ئێستاش شوێنێکیان هەڵبژاردووە کە شوێنێکە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا لە شاری نیس شارێکی زۆر گەشتیارییەو بە سەدان هەزار خەڵک رووی تێدەکەن"
هەروەها دەڵێت "ئامانجی تیرۆریستان زاڵکردنی مردنە بەسەر ژیاندا"
سەبارەت بە تیرۆر و ئەوروپا دکتۆر لوئەی جاف دەڵێت "ئێستا ئەوروپا بووەتە سەرچاوەی تیرۆر، زیاتر ئەو خەڵکە ئەوروپیانەی کە لێرە لەدایکبوون؛ هەرچەند بە ڕەچەڵەک خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن یان باکوری ئەفریقا، بەڵام لێرە لەدایکبوون؛ زیاتر ئەوانەن کە ئێستا رۆیشتونەتەوە بۆ سوریا و دێنەوە بۆ ئێرەو ئەو شانە نوستوانە هەمیشە زیندوودەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی"
لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە دەبن....