لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) دوو بابەت باس دەکرێن، یەکەمیان تورکیا لە پاش کودەتا و دووهەمیشیان سەردانەکی نوری ئەلمالیکی سەرەک وەزیری پێشووی عێراق بۆ شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
یەکەم: تورکیای پاش هەڵبژاردن.
وەک یەکەم کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پاش کودەتا سەرنەگرتووەکەی لەشکری وڵاتەکە، بە هەزاران کەس دەستگیر دەکرێن و بە هەزاران کەسیش لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە. دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیی نیشتمانی تورکیا، حکومەتی وڵاتەکە بڕیاری باری نائاسایی دەدات بۆ ماوەی سێ مانگ لە ڕۆژی 20 ئەم مانگی حەوتەوە ئەو بارە نائاساییە دەستپێدەکات.
کاربەدەستانی تورکیا بە تایبەتیش لە ئۆفیسی سەرەک وەزیری وڵاتەکەوە دەڵێن بە پێچەوانەی جارەکانی پێشووەوە ئەمجارەیان ڕاگەیاندنی باری نا ئاسایی لە بەرژەوەندی خەڵکە لە تورکیادا بەڵام ناڵێن چۆن.
هێشتاش پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر ئەم هەوڵی کودەتا و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان لەلایەن حکومەتەوە لە ئارادان و بەبێ وەڵام ماونەتەوە لەوانە ئایا ئەم هەنگاوانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی گرتویانەتە بەر بۆ دوورخستنەوە و لێدانی نەیارەکانیان لە لەشکر و لە دامەزراوە سیڤیڵیەکانیشدا هەر تەنها بەشداری یان هاوسۆزییان بۆ کودەتا هۆکارن؟
زۆربەی سەرنجەکان بەو ئاڕاستەیەدان ئەوەی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی لە پێش 15 ی مانگی حەوتدا بۆیان نەدەکرا بەرامبەر نەیارەکانیان بیکەن، لە پاش 15 ی ئەم مانگەوە دەستیان بە تەواوەتی کرایەوە بۆ لێدانی لایەنگران و هاوسۆزانی فەتحوڵا گولەن، کەسایەتی ئیسلامی تورکیا کە دانیشتوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و هەروەها نەیارەکانی تریشیان.
جێگری سەرەک وەزیری تورکیا ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ باری نائاساییدا کارکردن بە ژمارەیەک لە بەندەکانی پەیماننامەی یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگیرێن.
ئایا شکستهێنانی ههوڵی کودهتا لهشکرییهکهی تورکیا به مانای سهرکهوتنی ڕهجهب تهیب ئهردۆغانه؟
ئایا بۆ لهمهودوا ئهردۆغان دهتوانێت کۆنترۆڵی تهواوی سوپا بکات، یان لهشکری وڵاتهکه ههڵدهوهشێنێتهوه؟
ئایا ئهم ڕهوشه نوێیهی تورکیا چ کاریگهرییهکی دهبێت بهسهر دۆزی کورد له باکور؟
(دکتۆر سهلام عهبدولکهریم) پسپۆڕی زانسته سیاسییهکان وهڵامی ئهم پرسیارانه و پرسیار و سهرنجهکانی ئێوهی ئازیزیش دهداتهوه.
دووهەم: سەردانی مالیکی بۆ شاری سلێمانی.
نوری ئەلمالیکی سەرەک وەزیری پێشوو و جێگری ئێستای سەرۆکی کۆماری عێراق سەردانی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کرد. وەک دەگوترێت بە مەبەستی تاووتوێکردنی قەیرانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی نێوەندی عێراقە و هەروەهاش ڕەوشی ناجێگیری عێراقیش.
ناکرێت ئەم سەردانە هەروا ڕاگوزەرانە تێبپەڕێت لە کاتێکدا کاراکتەرێکی مشتومڕ لەسەر، هەم لە ناو هەرێم و هەمیش لە ناو عێراقدا ئەم سەردانەی کردووە.
مالیکی وەها دادەنرێت کە بودجەی هەرێمی کوردستانی عێراقی بڕیوە و سەرۆکی کابینەی هەشتەمی هەرێم کە هەر خۆیشی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە دەڵێت " مەبەستێکی باش لە پشت ئەم سەردانەی مالیکیەوە نییە بۆ سلێمانی."
هەندێک لە چاودێر دەڵێن لە کاتێکدا هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان خاوەنی بڕیارە سیاسییەکانە نەک شاری سلێمانی هەرچەندە ئەم شارە سەرکردایەتی دوو لایەنی سەرەکی هێزە کوردستانییەکانی لێیە (بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)، ئیتر بۆ مالیکی لە هەولێر کۆبوونەوەکانی ناکات.
هەندێکی تریش لەوبڕوایەدان هیچ بڕیارێکی سیاسی لە هەرێم نادرێت بەبێ ئامادەیی گۆڕان و یەکێتی، هەر بۆیەشە مالیکی ئەم سەردانەی کردووە.
خاڵێکی تریش کە پێویستە باس بکرێت ئەوەیە ئایا دەسەڵاتەکانی مالیکی چین لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەیدا و ئەگەر بە شوێن چارەسەرەوەیە ئەی بۆ کاتێک کە پۆستی سەرەک وەزیری لەلا بوو نەک هەر کێشەکان چارەسەر نەکران بەڵکو زیاتر قوڵ و ئاڵۆزبوونەوە. بەڵام هەر وەک زۆرێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە سەروەختی مالیکیدا لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بەم کێشانەی نێوان بەغدا و هەولێر دەیانگوت هەر تەنها حکومەتی نێوەندی عێراق بەرپرسیار نییە لەم کێشانە بەڵکو کەمتەرخەمی و کەموکوڕییەکانیش بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە و بە تایبەتیش ئاماژەیان بە نەبوونی یەکڕیزی و کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرد.
ئایا سهردانهکهی مالیکی بۆ سلێمانی هیوایهک بۆ چارهسهرکردنی قهیرانهکانی نێوان بهغدا و ههولێر بێنێته ئاراوه؟
ئایا شیعهکان و خودی مالیکی به تهنگ یهکڕیزیی ماڵی کوردهوهن؟
ئایا سوننهکانی عێراق دهبنه ئهڵتهرناتیڤی شیعهکان بۆ کورد؟
(بهختیار کهریم) نوسهر و لێکۆڵهر وهڵامی ئهم پرسیارانه و پرسیار و سهرنجهکانی ئێوهی ئازیزیش دهداتهوه.
دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا):