لەبەرەبەیانى ڕۆژی یەکشەممە داعش لە رێگەى چەكدارى خۆكوژەوە دوو هێرشى كردووەتە سەر بیرە نەوتیەكانى باى حەسەن و كارگەى غازى باجوان لە ڕۆژئاواى كەركوک و ، لە ئەنجامدا 4 فەرمانبەرى كۆمپانیاى نەوتى باكور كوژران و دواتر پێشمەرگە هێزى ڕەوانەى ناوچەكە كرد.
كەمال كەركوكى فەرماندەى میحوەرى ڕۆژئاواى كەركوک ، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند "سەرلەبەیانى ئەمڕۆ داعش لە ڕێگەى چەند خۆكوژێكەوە هێرشى كردووەتە سەر كێڵگەى نەوتى باى حەسەن و پێشمەرگە خۆكوژەكانى لەناوبردووە."
بەڕێز کەرکوکی گوتیشی "خۆكوژەكان لەرێگەى گوندە عەرەب نیشینەكانەوە دزەیانكردبووە ناوچەكە و ، بەو هۆیەوە زیان بەهەندێك كۆگاى باى حەسەن كەوتووە."
پێش هێرشى چەكدارە خۆكوژەكان بۆ سەر كێڵگەى باى حەسەن، چەند خۆكوژێك لەخۆكوژەكانى داعش پەلامارى كارگەى غازى باجوانیان دا و بەو هۆیەوە 4 كارمەندى كارگەكە كە یەكێكیان پۆلیس بوو گیانیان لەدەستدا.
لیوا شوان محەمەد فەرماندەى پێشمەرگە لەرۆژئاواى كەركوك ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"كارگەى غازى باجوان لەلایەن پۆلیسى ئیتیحادیەوە پارێزگارى لێدەكرێت، بەڵام لەگەڵ هێرشى خۆكوژەكان دا پێشمەرگە رۆیشتووە بەهاناى پۆلیسەكانەوە و كارگەكەى لەهێرشى خۆكوژەكان پاراستووە."
لەماوەى چەند مانگى رابردوودا چەندین بۆرى نەوت لەدەوروبەرى كەركوک تەقێنراوەتەوە، بەڵام ئەمە یەكەم هێرشى خۆكوژى داعش بوو بۆ سەر كێڵگە نەوتیەكان.
دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر