ڕەوشە ناجێگیرە سیاسی و ئاسایشییەکانی عێراق نەبوونە مایەی ڕاگرتنی هەوڵەکان بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری بەرگری وڵاتەکە.
خالید ئەلعوبەیدی لەسەر تێوەگلانی لە گەندەڵی لە پەرلەمانی عێراقدا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
وەک هەنگاوێک بۆ داکۆکی لە خۆکردن ئەلعوبەیدی ناوی ژمارەیەک پەرلەمانتار ئاشکرا دەکات کە گەندەڵییان کردووە و باسیش لە سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمانیش دەکات کە چۆن گەندەڵی کردووە.
ئاژاوە دەکەوێتە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکە جێدەهێڵێت و ئارام شێخ موحەمەد، جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکە لە دەست دەگرێت.
تەها هاتف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەگەر هاتوو ئەو گەندەڵیانە لەسەر وەزیری بەرگری یەکلابوونەوە ئەوا متمانەی لێ دەسەندرێتەوە و دەشڵێت ئەو پەرلەمانتارانەش کە ناویان هاتووە لێژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دادەنرێت.
ئەم ئەندام پەرلەمانەی عێراق باسیش لەوە دەکات کە وەزیری بەرگری عێراق لەژێر فشاری هەندێک لایەندا بووە تا ژمارەیەک لە کۆنتراکتەکانی وەزارەتەکەی وەربگرن و دەشڵێت ئەلعوبەیدی باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ویستویانە کۆنتراکت وەربگرن و ئەمیش نەیداونەتێ.
تەها هاتف دەشڵێت لەوبڕوایەدا نییە هیچ مەبەستێکی سیاسیانە لە پشت ئەم لێپێچینەوەیەی وەزیری بەرگریەوە هەبێت و دەشڵێت ناکرێت کاتێک دەخوازیت بەرەنگاری گەندەڵی ببیتەوە، ئەوا مەبەستی سیاسی بکرێتە بەهانە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەگەر هاتوو متمانە لە وەزیری بەرگری عێراق سەندرایەوە ئەوا هیچ کاریگەرییەکی نابێت بەسەر شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ تەها هاتف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی دەوڵەتی یاسا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: