وه‌ک کورد ناکرێت نکوڵی بکرێت له‌وه‌ی که خاوه‌نی هونه‌ری شانۆین له ژیانی فه‌رهه‌نگیماندا، به‌ڵام ئایا خاوه‌نی ڕۆشنبیرییه‌کی شانۆیین؟
هونه‌ری شانۆ ئه‌و هونه‌ره‌یه که ده‌کرێت بگوترێت ته‌واوی ژانره هونه‌ری و فه‌رهه‌نگییه‌کانی تریشی تیادا به‌شدارن. به‌ڵام هێشتاش ئه‌و ڕایه ئاماده‌یی هه‌یه که شانۆی کوردی نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی دیدی خۆی و ئیش له‌سه‌ر کولتور بکات و یانیش وه‌ک ده‌گوترێت نه‌یتوانیوه به به‌رده‌وامی خۆی نۆژه‌ن بکاته‌وه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و قه‌یرانانه بدۆزێته‌وه که شانۆ تێی ده‌که‌وێت.
هه‌وڵ هه‌بوون بۆ کارکردن له‌سه‌ر ڕێبازه جیاوازه‌کانی شانۆ له ناو کورددا، به‌ڵام نه‌بوون یان که‌می ڕه‌خنه‌ی بابه‌تیانه و زانستیانه یه‌کێک بووه له‌و هۆکارانه‌ی که خودی هونه‌رمه‌ندان ئه‌و گله‌ییه بکه‌ن و لۆمه‌ی هه‌نگاوه زۆر کاوه‌خۆکان له ئه‌ستۆی ڕه‌خنه‌گران بنێن. به‌ڵام ده‌شبێت ئه‌وه‌ش بڵێین که‌م نین ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌شی شێری ئه‌و گله و گازه‌ندانه له ئه‌ستۆی هونه‌رمه‌ندان خۆیان ده‌نێت.
ئایا ڕه‌خنه توانیویه‌تی نومایشتێک بخوێنێته‌وه و ببێته ڕێنیشانده‌رێکی بینه‌رانی ئه‌و نومایشته؟
به‌ڵێ مێژووی شانۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی ئێجگاه زۆری پێش له‌دایکبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح و سه‌ره‌تاش له یۆنان ئه‌م هونه‌ره سه‌رهه‌ڵده‌دات و دواتر به‌ره‌و ئه‌وروپا و ئه‌وجا به‌ره‌و شوێنه‌کانی تری جیهان ده‌ڕوات.
بۆ کورد ناکرێت بگوترێت شانۆ ته‌مه‌نێکی دێرینی هه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک له‌و بڕوایه‌دان سروته ئاینیه‌کانی نێو په‌رستگا دێرینه‌کانی کورد، یان کرده‌ی لاساییکردنه‌وه، ده‌شێت وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌م ژانره هونه‌رییه لێی بڕوانرێت به‌ڵام هێشتا ئه‌م جۆره ڕوانینه نه‌بۆته تیۆرییه‌ک تا وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ شانۆیه‌کی کوردی لێی بڕوانرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ببینه خاوه‌ن شانۆیه‌کی کوردی چیمان پێویسته؟ گه‌لێک هونه‌رمه‌ند له‌و بڕوایه‌دان زمان سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌کانه که بتوانرێت دیالۆگه ڕژده‌که له نێوان شانۆکاران و بینه‌راندا بێته ئاراوه. به‌شێکی تریش له‌وبڕوایه‌دان ته‌نانه‌ت به‌کارهێنانی ده‌قی بیانی ده‌شێت به‌شێک بێت له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شانۆی کوردی، ئه‌ڵبه‌ت له ده‌مێکدا ئه‌و ده‌قه بیانیانه له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕاندا به کوردی بکرێن تا بینه‌ری نومایشته‌که ئه‌و هه‌سته‌ی له‌لا دروست بێت که له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ئاخڤن.
ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌قی شانۆییمان هه‌ن، به‌ڵام ئایا ده‌کرێت به هه‌موویان بگوترێت ده‌قێکی کوردی شانۆ؟
ئایا ده‌ق شانۆی کوردی به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟
به گشتی شانۆ و نومایشته شانۆییه‌کان و کارکردن له شانۆدا کارکردنه له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌کانی مرۆڤایه‌تی و ئیشکردنه له پێناو مرۆڤایه‌تیدا و شانۆی سه‌رکه‌وتووش ئه‌و شانۆیه‌یه جوانی به‌رهه‌م بێنێت له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ستدا بدوێت و پرسیاری هاوچه‌رخانه بوروژێنێت، و چێژ نه‌بێته قوربانی هزر و هزریش فه‌رامۆش نه‌کرێت له پێناو چێژدا.
زۆرێک له خه‌مخۆرانی ئه‌م هونه‌ره بڕوایان وه‌هایه ڕۆیشتنی ئه‌کته‌ره شانۆییه‌کان و ده‌رهێنه‌ره‌کان و کارکردن له دراما ته‌له‌فزیۆنیه‌کاندا و ته‌نیا هیشنه‌وه‌ی شانۆ، یه‌کێکه له هۆکاره هه‌نوکه‌ییه‌کانی قه‌یرانی ئێستای شانۆمان.
(ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید) نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له به‌رنامه‌ی (ژیان له فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه: