Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا: ئاری بابان


ئاری بابان
ئاری بابان

ده‌شێت خوێندنه‌وه‌ی تابلۆیه‌ک له‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبێک زۆر گرانتر بێت به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌ تابلۆکانی پێشووی هونه‌رمه‌نده‌که‌ ئاشنا نه‌بووبیت.

بۆ یه‌که‌مجار له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکاندا، که‌ تابلۆکانی هونه‌رمه‌ند (ئاری بابان) م بینی ده‌سبه‌جێ ئه‌و پرسیاره‌م له‌لا دروستبوو، بۆچی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ تابلۆکانیدا باڵای مرۆڤه‌کان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاسمان، ئایا ده‌بێت مه‌به‌ستی چی بێت و ئه‌مه‌ چ جۆره‌ ته‌کنیکێکه‌ له‌گه‌ڵ منی بینه‌ردا به‌کاری ده‌هێنێت؟! هه‌ر بۆیه‌ هه‌ستم کرد به‌وه‌ی تابلۆکانی ئاری بابان پێویستیان به‌ وردبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر و ڕامانێکی له‌سه‌رخۆیانه‌یه‌.

ئاری بابان، ده‌خوازێت له‌ تابلۆکانیدا مێژووی ئازار و کاره‌ساته‌کانمان نیشان بدات، به‌ ڕه‌نگ باسمان له‌ مه‌ینه‌تییه‌کانی کۆت و به‌ندی مرۆڤ بۆ بکات به‌ شێوه‌یه‌ی به‌ دیدی هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت.

ئه‌زمونی هونه‌رمه‌ند بۆ ڕیزبه‌ندکردنی یه‌که‌کانی ناو تابلۆکه‌ی و هه‌روه‌هاش چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ڕه‌نگه‌کان و تێکه‌ڵکردنیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی جوانکاری، به‌شێکی هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌ له‌و ڕه‌هه‌ندی داهێنانه‌ی له‌ تابلۆدا پێویسته‌، بۆ ڕۆچوونه‌ ناو تابلۆکه‌ و ده‌ستکردن به‌ گه‌شتێکی دوورودرێژ به‌ ناو قوڵایی ناخی خودی هونه‌رمه‌نددا.

قوڵ بوونه‌وه‌ له‌ تابلۆکانی ئاری بابان وه‌ک خوێندنه‌وه‌یه‌کی قوڵی وێنه‌ شیعرییه‌کانی شاعیرێکی داهێنه‌ره‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی کاتێک هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ شێوه‌یه‌کی ساده‌دا سه‌ر و سه‌ودا ده‌کات و ده‌یکاته‌ بابه‌تێکی سه‌رنج ڕاکێش و پرسیار لای ئێمه‌ی‌ بینه‌ر ده‌وروژێنێت.

یه‌کێک له‌ جیاوازییه‌کانی تابلۆکانی هونه‌رمه‌ند (ئاری بابان) ئه‌و شێوازی کارکردنه‌یه‌تی به‌و شێوه‌ باڵایه‌ی له‌ تاریکی و ڕوناکییه‌کاندا ده‌بینرێن و هه‌روه‌هاش ڕه‌نگ کردنی یه‌که‌کانی ناو تابلۆکه‌ و گۆڕینی شته‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی دره‌ختێک ڕه‌نگ و شێوه‌ی مرۆڤ ده‌گرێت یان مرۆڤێک تێکه‌ڵ به‌ ئاسمان ده‌بێت.

ئایا ده‌کرێت قۆناغێکی هونه‌ری بۆ (ئاری بابان) جیابکرێته‌وه‌ و بگوترێت قۆناغی پاش سوتانی تابلۆکانی؟

ئایا له‌ هونه‌ری شێوه‌کاریدا تابلۆمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی نه‌ته‌وه‌یی جیابکرێته‌وه‌؟

ئایا تابلۆکان ده‌بنه‌ گه‌واهده‌رێک به‌سه‌ر ئه‌و سه‌روه‌خته‌وه‌ی تیایدا کێشران؟

بۆ تا ئێستا خاوه‌نی مۆزه‌خانه‌یه‌کی نیشتمانی نین بۆ هونه‌ری شێوه‌کاری؟

(ئاری بابان) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:47 0:00

XS
SM
MD
LG