Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا: خه‌رمان هیرانی


خەرمان هیرانی
خەرمان هیرانی

زۆرێک له‌ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی بواری شانۆ داهێنان و سه‌رکه‌وتنی نومایشتێکی شانۆیی وه‌ک یه‌ک یه‌که‌ سه‌یر ده‌که‌ن و نایبه‌ستنه‌وه‌ به‌ نواندن، یان خوێندنه‌وه‌ی دووهه‌می ئه‌و ده‌قه‌ شانۆییه‌ی کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت و هتد.

به‌ڵام ئه‌م ڕوانینه‌ ڕێگر نییه‌ له‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێک له‌ پێکهاته‌کانی ئه‌و نومایشته‌ شانۆییه‌ به‌ جودا باس بکرێن و سه‌رنجیشیان بدرێتێ.

نواندن ئه‌و کاره‌ هونه‌رییه‌ی ئه‌کته‌ره‌، که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م دیدی بینه‌ردا دیالۆگه‌کانی خۆی ده‌ڵێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش کارێکی ئاسان نییه‌ به‌تایبه‌تی گه‌ر ئه‌کته‌ر بخوازێت بینه‌ر بباته‌ ناو بابه‌ته‌که‌وه‌ و بیکاته‌ به‌شێک له‌ ده‌قی نومایشته‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک وه‌ها بزانێت که‌ ئێستا له‌ناو ناخی ڕووداوه‌که‌دایه‌.

(خه‌رمان هیرانی) یه‌کێکه‌ له‌و جۆره‌ ئه‌کته‌رانه‌ی هه‌میشه‌ جێی سه‌رنجی بینه‌رانی بووه‌.

بۆخۆم کاتێک شانۆگه‌ریی (مه‌م و زین) م بینی که‌ ئه‌وکات خه‌رمان هیرانی، هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئێستا و خوێندکاری ئه‌وسای په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کان، له‌و نومایشته‌دا ڕۆڵی خاتوو زینی ده‌گێڕا، به‌ڵام چ خاتوو زینێک؟ ئه‌وه‌ی بۆنی عه‌شقی کاکه‌ مه‌می لێده‌هات، ئه‌وه‌ی ژیانی پڕ کرابوو له‌ حه‌سره‌ت و هیوا بۆ کاکه‌ مه‌م، هه‌ر که‌ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌ختی شانۆیه‌ و له‌و نومایشته‌یدا ده‌بینرا ڕێک وه‌هات ده‌زانی ئێمه‌ی بینه‌ر گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ سه‌روه‌خت و قۆناغێکی تر له‌و شێوه‌یه‌ی حه‌زره‌تی ئه‌حمه‌دی خانی له‌ داستانه‌ مه‌زنه‌ی مه‌م و زینیدا باسی ده‌کات.

له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌رچ نومایشتێکی (خه‌رمان هیرانی) م بینیبێت به‌ خۆم زانیبێت یان نا شانۆنامه‌ی (مه‌م و زین) م بۆ کردۆته‌ پێوانه‌.

خه‌رمان بناری کێوه‌ڕه‌ش و ئاوه‌ سازگاره‌که‌ی قوله‌ی ڕانیه‌ جێده‌هێڵێت ده‌که‌وێته‌ گه‌شتێکی بێ کۆتایی له‌ ژیانی هونه‌ری خۆیدا و ئیدی به‌خششی هونه‌ری خۆی له‌ نومایشه‌کاندا پێشکه‌ش ده‌کات، به‌ڵام ناکرێت لێره‌دا باس له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان نه‌که‌م که‌ هانده‌رێکی به‌هێزی خه‌رمان و ته‌لار هیرانی خوشکیشی بوون نه‌ک هه‌ر بۆ کاری هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی، به‌ڵکو بۆ ڕچه‌شکێنیش.

(خه‌رمان هیرانی) به‌رده‌وام له‌ ژیانی هونه‌ری خۆیدا ڕچه‌شکێن بووه‌، ئایا ڕچه‌ شکێنیه‌که‌ی خه‌رمان هه‌روا خۆڕسکانه‌ بووه‌ یاخود به‌ به‌رنامه‌ بووه‌؟

له‌ شانۆییه‌کان و له‌ دراما ته‌له‌فزیۆنیه‌کانیشدا (خه‌رمان هیرانی) خاوه‌نی ڕای خۆیه‌تی، و ڕۆڵی ئه‌و کاراکته‌ره‌ی پێی ده‌سپێردرێت گه‌ر بزانێت له‌گه‌ڵ خۆیدا ناگونجێت، یان ناتوانێت هێنده‌ی پێویسته‌ له‌ ناو که‌سایه‌تی کاراکته‌ره‌که‌دا قاڵ ببێته‌وه‌، ئه‌و کاره‌ی نه‌کردووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بینه‌رانی خۆیدا کردووه‌ و هه‌رگیز به‌ شوێن ئه‌وه‌وه‌ نه‌بووه‌ ژماره‌ی کاره‌ هونه‌رییه‌کانی زیاد بکات، به‌ڵکو هه‌وڵه‌کانی له‌ پێناو چۆنایه‌تی کاری هونه‌ریدایه‌.

خەرمان هیرانی
خەرمان هیرانی

له‌ نێوان کاره‌ شانۆییه‌کانی و به‌شدارییه‌کانی له‌ درامادا (خه‌رمان هیرانی) کامیان به‌ گرنگتر ده‌زانێت؟

ئایا دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌کان توانیویانه‌ په‌یامی خۆیان بگه‌یه‌نن؟

ئایا له‌ پاش یه‌که‌م دیداری خانمانی شانۆکار، توانراوه‌ شانۆ بکرێت به‌ پیشه‌؟

(خه‌رمان هیرانی) له‌ به‌رنامه‌ی (ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:11 0:00

XS
SM
MD
LG