جارێکی تریش ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاهی دەدات سەبارەت بە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر ئێران و دەڵێت هەر هێرشێک بکرێت ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە.
لەو ڕاگەیاندنەیدا بۆ سەربازەکانی بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە تاران، ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی دەڵێت " پێویستە دوژمنان تێبگەن لەوەی هەر هێرشێک بکەن ئەوا بە توندی بەرپەرچ دەدرێتەوە."
تاهیر خالیدی، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانەی ئایەتوڵا خامەنەئی زیاتر دەچێتە خانەی پڕوپاگەندەوە وەک لەوەی بگوترێت شتێکی ڕژدی لە پێشەوە بێت و دەشڵێت مەبەستێکی تری ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەم جۆر و شێوازی قسەکردنەی ڕێگەگرتنە لەوەی نا هاوسەنگی هێزەکان لە ناو ئێراندا تێکبچێت.
وەک ئاماژەیەک بە دۆسێی مشتومڕ لەسەری داواکردنی موشەکی جۆری (ئێس 300) لە ڕوسیا، خامەنەئی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوناهبار دەکات، وەک دەڵێت 'ئەمریکا ڕێز لە مافی ئێران ناگرێت بۆ بەرگری و لە ڕاستیدا دەیەوێت بەبێ سیستەمی بەرگری بین تا هەر کاتێک ویستیان هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان."
تاهیر خالیدی دەڵێت ئەو سیستەمی بەرگرییەی تاران باسی دەکات بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی نییە بە خۆ بەهێزکردنی ئێرانەوە بەرامبەر ئەمریکا، بەڵکو ڕەوشی ئێران خۆیەتی لە ڕوانگەی ئەو کێشانەی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و شەڕی قورسی سوریا، ئاڵۆزی بارودۆخی ئێران لە عێراقدا، یەمەن و چەندان دۆسێی تریش و دەشڵێت ئەوە سیاسەتەکانی ئێرانە کە ڕێگە نادات ئەم ڕەوشە لەباربێتەوە.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ تاهیر خالیدی نوسەر و لێکۆڵەر کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: