لەوەتای پەرلەمانی عیراق لێپێچینەوەی لەگەڵ وەزیرە عێراقیەکاندا دەستپێکردووە پرسیارێکی زۆر لە شەقامی کوردیدا دەکرێت سەبارەت بە کارا بوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
پێشتر پەرلەمانی عێراق لە پاش لێپێچینەوە لە خالید ئەلعوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق، متمانەی لەم وەزیرەی سوننەکان سەندەوە.
ئێستاش پاش ئەوەی زۆربەی پەرلەمانتارانی عێراق لە دەنگدانێکدا بڕوایان بە وەڵامەکانی هوشیار زێباری نەبوو، چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری بخاتە بەرنامەی کاریەوە بۆ دەنگدان لەسەر ئەگەر و نەگەری متمانە لێسەندنەوە لە وەزیری دارایی عێراق.
دکتۆر خامۆش عومەر، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەبینرێت نیشانەیەکە بۆ کارایی پەرلەمانی عێراق لە بەجێگەیاندنی ئەرکی لێپێچینەوە لە گەورە کاربەدەستانی وڵاتەکە و دەشڵێت لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لە عێراق دیموکراسیەتێکی گونجاندن یان تەوافوقی هاتۆتە ئاراوە کە بۆتە جۆرێک لە ڕێگری لە ئەرکەکانی پەرلەمان بە تایبەتیش لێپێچینەوە لە کاربەدەستان.
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر خامۆش عومەر ئاماژەش بەوە دەکات کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکاری ڕوویانداوە بە تایبەتیش لەسەروەختێکدا کە ئۆپزسیۆن هەبوو، بەڵام دەشڵێت نەبوونی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی وەهای کرد کە نەتوانن بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ چاودێریکردنی حکومەت.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: