هێمن سەیدی: هەستی نەتەوایەتی لە سێ بەشی کوردستان لەوپەریدایە تەنها لە باشور وەکو مەترسیەکی نەتەوەیی تەماشا دەکرێت
یەکێک لە تاێبەتی و تاێبەتمەندیەکانی هەر تاکێک لە نەتەوەیەکی دیار کراوودا شانازی بە ناسنامەی نەتەوە بوونیەتی، بەڵام باس لە کز بوونەوە و لاوازی ئەو شانازی بوونە دەکرێت لە نێۆ هەندێ کوردا. ئاخۆ ئەو بۆچوونە تا چ رادەیەک راستە؟
هێمن سەیدی لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەو بۆچوونە بۆ سێ پارچەی کوردستان لە رۆژئاوا، لە باکور و لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر وەها بۆ کوردی تاراوگە درووست نییە، بەڵام بە داخەوە ئەو هەستی کوردایەتیە لە باشوری کوردستان بە هەندێک هۆێ سیاسی، کولتوری دابەزیوە وە زۆر لە مەرتسیدایە، بەڵام بە پێچەوانە ئێستا لە رۆژئاوا کوردایەتی لەو پەری خۆێدایە، لە باکور خەباتێکی گەرم گوڕ هەیە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک هەستی کوردایەتیان هەیە، جا هەندێکیان پێیان وایە لە رێگای ریفۆرمەوە، هەندێکیان پێیان وایە دەبێ بۆ ماوەیەک دەست راگریت، بەڵام هەستی نەتەوایەتیان زۆر لە سەرەوەدایە، تەنیا ئەو کێشەیە من لە باشور هەستی پێدەکەم، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە قووڵە کە دەکرێ وەکو مەترسیەکی نەتەوەیی بە گشتی تەماشای بکەین".
کاک هێمن هەر وەها دەڵێت" بەداخەوە ئەو حکومەتەی کە لە باشوری کوردستان لە ئارادایە، فەرمانرەوایی و بەرێوەبردنێکی باشی نیشان نەداوە، ئەزمۆنێکی باشی لە حکومەتی کوردی نیشان نەداوە، بەڵکۆ بە پێچەوانە دەبینین گەندەڵی هەیە، دووا کەوتوویی سیاسی هەیە وە لە هەمووی ناخۆشتر شتێک هەیە کە وەکو نەخۆشیەکی زۆر گەورەیە بۆ رۆحی نەتەوەیی، ئەویش عەشیرەگەرییە کە زۆریش پەرەی سەندووە".
کاک هێمن دەشڵێت" ئەوەی کە عەرزمکردن لە سێ پارچەی کوردستان هەستی نەتەوایەتی لەوپەری خۆێدایە، بە هۆێ ئەوەیە کە خەبات لە ئارادایە، بە هۆێ ئەوەی کەسانێکی تر هەن کە کورد نیین داگێرکەرن و دەمانچەوسێننەوە، بۆیە کاریگەری بە پێچەوانەی هەیە وە دەبێتە بەهێزتربوونی هەستی نەتەوەیی وە رێک پێچەوانەکەشی لە باشور، ناخۆشی باشور ئەوەیە کە ئەو غەدرە، ئەو گەندەڵیە، ئەو نابەرابەریە کوردێک دەیکا".