عەبدولباری زیباری: ئەو بریارە لە دژی هۆشیار زیباری نەبوو بەڵکو لە دژی هەندی سیاسەتی نا تەندرووست لە هەرێمی کوردستان بوو
ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق باوەری لە وەزیری دارایی عێراق هۆشیار زیبار سەندەوە، ئایا یەکێیتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ئەو دەنگدانەدا بوو؟ ئایا پرۆسەکە ئازادی و دیمۆکراسی بوو و کاریگەری هیچ لایەنێکی ناوخۆ وە یاخود دەرەکی تێدا نەبوو؟ ئاخۆ ئەمە بە زیانی کێ گەرایەوە، پارتی، حکومەتی هەرێم یان گەلی کورد؟
عەبدولباری زیباری ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێیتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" وەک یەکێیتی نیشتمانی کوردستان هەوڵ ئەدرا هۆشیار زیباری نەگۆڕدرێ کە وەزیرێکی عێراقی و کوردستانیە و لە هەمان کاتدا عێراق لە کێشەیەکی زۆر گەورەی داراییدایە و لە وتو وێژدایە لەگەڵ بانکی دراوی نێۆنەتەوەیی و هەموو پێ باش بوو (متمانەی) لێ نەکێشنەوە، بەڵام لە هەمان کات وەکو زۆربەی کوتلەکانی دی کە سروشتیە هەموو دەنگەکان بە یەکلا ناچن بەڵکو شیانی هەیە دابەش ببن بەسەر ئەملا یاخود ئەولا".
کاک عەبدولباری هەر وەها دەڵێت" هیچ شتێک ناکرێ کە بڵێ دەستی تێدا نەبێ وە خود دەستێوەردانی تێدا نەکرابێت و سەد در سەد پاک بێت، بەڵام شێوەی دەنگدان و شێوەی نووسین وشێوەی نهێنی خۆێ شێوەیەکی ئارام بوو بەڵام لە هەمان کات هیچ (نصێك) نییە لە ناو پەێرەوی ناوخۆ ئاماژە بە دەنگدانی نهێنی بکات".
کاک عبدوڵباری هەر وەها دەڵێت" بە باوەری من ئەو بریارە لە دژی هۆشیار زیباری نەبوە، بەڵکو بە کۆمەڵێک رووداوەوە گرێ دراوە لە پەیوەندی بە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کار و ئەرکەکانی حیزبەکەی لە کوردستان، نارەزاییبوونی لایەنەکانی تر لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەلس و کەوتی لەگەڵ پەرلەمان، پەکخستنی پەرلەمان، دەرکردنی وەزیرەکان، ئەمانە هەموو بونەتە کۆمەڵێک فاکتەر، ئەو بریارە بە زۆری لە دژی هۆشیار زیباری نەبوو بەڵکو لە دژی هەندی سیاسەتی نا تەندرووست لە هەرێمی کوردستان بوو".