ساڵانێکە کورد لە باشوری کوردستان خەباتی کرد، گیانیان لە دەست دا، زیندانی کران، لە سێدارەدران، ماڵوێران کران، شار و گوندیان خاپوور و وێرانە کرا بۆ ئەوەی رۆژێک بێت لەسەر خاکی خۆیان بە ئازادی بژێن، بەڵام مەخابن ئەمرۆ لە جیاتی داگیرکەری بێگانە وەکو دەووترێ داگیرکەری خۆماڵی دەیانچەوسێنێتەوە.
ئاخۆ سەرانی کورد ترسیان لە چییە ئەمرۆ وەکو باس دەکرێ بە رۆژی نیوەرۆ تورەکە دەکرێت بەسەر کەسانێک کە داوای بناغەترین مافەکانیان دەکەن، رۆژنامەوانان بە رۆژی نیوەروو تیرۆر دەکرێن؟
ئەیوب عەبدوڵا ئیسماعیل ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ( گۆڕان) و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناخۆ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە و سەرکردەکان لە شاخ بوون بەڵێنی ئەوەیان دا رۆژێک لە رۆژان کە کوردستان ئازاد کرا بەهەشتێکی نەمری و خەیاڵی بۆ خەڵک درووست ئەکەن، دووای راپەرینی خەڵکی کوردستان و ئازادبوونی ئەو هەرێمەدا، چونکە ژیانی سەرکردەکان وەکو خەڵک وا بوو، داهاتێکی کەم هەبوو، ئەو مووچە خوەرانەی ئێستا، ئەو مامۆستایانەی ئێستا ماندەگرن لە پێناوی بژێوی منداڵەکانیاندا، بە بێ مووچە بە بێ هیچ شتێک، دەستیان گرتووە و دەیانگوت سەری بەرزمان لە پێناوی مووچە نزم ناکەین و ناچین مووچەکانمان لە رژیم وەرگرین، لێرە بە بێ مووچەیی وانە بە مناڵەکان دەڵێنەوە، بەڵام ئێستا کە داهاتێکی زۆری هەرێم هەیە، نەوتێکی زۆر دەردەهێنەرێ و بە بەر چاوی هاوڵاتیان بە بۆڕی و بە تانکەر بە رێ دەکرێ و داهاتەکەی دیار نییە کە بەشی مووچە و بەشی بژێویی و بەشی پرۆژە و پەرەپێدانی ئەو هەرێمە دەکات، بۆیە ئێستا خەڵک گلەییەکی زۆری هەیە لە ژیانی و لە گوزەرانی خۆێ و لەبەر شیری منداڵەکانیان ئارامیان لێ براوە و هاتونەتە سەر جادە و داوای مافێکی سەرەتایی خۆیان دەکەن، ئەویش لەبەرامبەر ئەو ماندووبونەی، لە بەرامبەر ئەو هەموو خزمەتەی بە خاک و نیشتمانی خۆیان دەکەن و لەبەرامبەر ئەو داهاتە زۆرە بەشی ژیانێکی سادە ساکاریان بدرێتێ نەک ژیانێکی شاهانە".
کاک ئەیوب هەر وەها دەڵێت" ئەو ڕفاندن و دستگیرکردنانە هەر لەبەر ئەوەیە هەموو ئەو چالاکوانە مەدەنی و هەموو ئەو خەڵکانەی ئازایانە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، لەبەرامبەر ئەوەدا چاو شکاوو بن وە دەستبەرداری مافە مەدنی، سیاسی و رۆژانەی خۆیان بن، بەڵام هەموو کاتێک خەڵک بە چاو ترساند و تۆقاندن واز لە مافەکانی خۆێ نەهێناوە، ئەگەر بێت و حکومەتی هەرێم زۆر ژێرانە پێدا چوونەوەیەک بەو بریارە نەکات کە ناوی لێ ناوە پاشە کەوتی مووچە، جامی تۆرەیی خەڵک لێ دەڕژێ ئەگەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بە ژێرانە و عاقڵانە هەڵس و کەوت لەگەڵ خەڵک نەکا و بەشێک لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان نەهێنێتە دی، پێم وابێ ئەو تۆرەییە سەرە رێژی دەکات بۆ زۆر شت".
کاک ئەیوب دەشڵێت" مامۆستایان کاتێک داوای مافەکانیان دەکەن نابێت نەچنە سەر خوێندگاکانیان وە مامۆستایان ناکرێ توند و تیژی بکەن وە ئاقاری نارەزایەتیەکان بەرەو توند و تیژی ببرێت، ئەو کاتە کە کار لە کار ترازا ئەو وڵاتە شەری خوێناوی ناوخۆیی درووست تێدا بوو و ژیانی سیاسی و مەدەنی خەڵک تێکچوو، ئەو کاتە مامۆستایانیش لە جێ ئەوەی مافەکانیان بە دەست بێنن، ئەوەش کە لە دەستاین ماوە لە دەستی دەدەن".