پارتەکان، رێکخراوەکان لە قوناغی جیاواز و لە هەڵ و مەرجی جیاواز وە بە هۆکاری جیاواز لە داێک دەبن. لە هەفتەکانی رابوردوودا لە لایەن کۆمەڵێک لە رامیارزان و رۆشنبیرانەوە و لە شاری کەرکوک " بەرەی دیمۆکراسی گەل" راگەیندرا. ئەمرۆ کە لە هەرێمی کوردستاندا چەندین پارت و رێکخراوە لە ئارادیە، جین ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆێ لە داێکبوونی ئەم رێکخراوە نۆیەدا؟
دکتۆر مەحەمەد کیانی بەرپرسی دەستەی سەرکردایەتی بەرەی دیمۆکراسی گەل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بە باوەری ئێمە ئەو پارتانەی کە لە گۆرەپانەکەدان نەیانتوایوە تێپەری ئەو قوناغە خێڵەکیە بکەن کە لە کوردستاندا هەیە و بونەتە هۆێ پاشەکەشەی کوردستان، ئێمە لەو باوەرەداین دەبێ هێزێکی سیاسی تۆکمە هەبێ بتوانێ سیستمێکی سیاسی گونجاو بۆ کوردستان بێنێتە کایەوە، ئەوە هۆێ سەرەکی دامەزراندنی ئێمەیە".
دکتۆر کیانی هەر وەها دەڵێت" ئێمە دەمانەوێ کۆمەڵگایەکی مەدەنی لەو کۆمەڵگا خێڵەکیەی کە هەیە درووست بکەین، بۆ ئەوەش پێوێستیت بە دید و بۆچوونی نوێە، راهێنانی نوێە، بە بیرکردنەوەی نوێە وە بە رێکخستنێکی نوێ، وە دامەزراندنی بەرەی دیمۆکراسی گەل بە بارودۆخی هەرێمەکەوە گرێدراوە، لەبەر ئەوەی ئەو بارودۆخەی کە لە هەرێمەکەدا هەیە لە دەرئەنجامی نەبوونی سیستمێکی سیاسی تۆکمەیە، نەبوونی عەقلی سیاسی کوردیە، ئێمە عەقلێکمان هەیە، عەقلی دەسەڵاتداریە نەک عەقلی حکومەت".