سیستمی حوکمڕانی و دەوڵەتداری لەئاستێکی ئەکادیمی و شارستانیدا تێکڕا چەندین شرۆڤەکاری و لێکۆڵینەوە دەخوازێت، لەبەرئەوەی تێکڕای پێکهاتەو کەرتە کۆمەڵایەتی و شارستانیەکان لەتۆڕێکی پەیوەندی بەرجەستەدان لەگەڵ تێکڕای ئەو سەرچاوە ئابوری و ئەو ئەنداسەسازییە ژیاسرییەی کە کۆمەڵگە لە کیانێکی زیندوودا بەرجەستە دەکات. شارەزایان سەنگ دەخەنە سەر پەیوەندییە قوڵەکانی سیستمی حوکمڕانی و سیاسی بە ژیانی گشتی و ژێرخانی ئابورییەوە.
هەربۆیە سسیستمی حوکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا چەندین پرسیار و شرۆڤەکاری دەخوازێت بۆ قوڵبونەوە و تێگەیشتن لە جومگە هەرە بنەڕتییەکانی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و کارگێڕیانەی کە 25 ساڵە ئەم مۆدێلە لە حوکومڕانی بوونی هەیە و بەردەوامە.
ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان میوانداری نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە لەندەن دکتۆر دارا محەمەد دەکات.
دارا محەمەد سەبارەت بە گرفتە جومگەیی و بنەڕەتییەکانی ئەم مۆدێلە لەحوکومڕانی دەڵێت "یەکێک لەو گرفتانەی کە سیستمی حکومڕانی کە هەیەتی لەبواری سیاسەتکردنیشدا ئەوەیە کە خاوەنی فەلسەفەیەکی حوکمڕانی نیە، خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسی نیە یان خاوەنی توێری سیاسی نیە." واتە "خاوەنی جۆرێک لە ئایدۆلۆژیایەکی جەوهەری نەبووەو خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسی نەبووە، کە لەسەر بنەمای فەلسەفی بتوانێت ستراتیژێک بۆخۆی دابنێت".
هەروەها دەشڵێت "ئەم حیزبانە توانای ئەوەیان نەبوو کە ببن بە سیاسەتمەندار لەسەر ئاستی دەوڵەت یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی سیستمێکی حوکمڕانی".
بە مانیەک "توانای داڕشتنی سیاسەتێکی ئابوریان نیە، توانای داڕشتنی ئەوەیان نیە کە چۆن کایە کۆمەڵایەتییەکان رێکبخەن".
سەبارەت بە هونەری حوکومڕانی و دەوڵەتداری دارا محەمەد دەڵێت "هونەری حوکمڕانی یان عەقڵانیەتی حوکمڕانی، ئەمە یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی، ئەمە بە تەواوەتی وونە لەسەر ئاستی دنیای سیاسی کوردا".
واتە "ئەم حوکمڕانییەی لە کوردستاندا بەڕێوە دەبرێت، سیستمێکی دامەزراوەیی نیە".
سەبارەت بە قەیرانە ئابورییەکان دارا محەمەد سەنگ دەخاتە سەر: "بەشێکی زۆری ئەم قەیرانە ئابورییە پەیوەندی بە نەفرەتی نەوتەوە هەیە، کاتێک وڵاتێک لە 90% ی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت، بە فەرامۆشکردنی کەرتە ئابورییەکانی تری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان، ئەوا ئەمە وایکردووە کۆمەڵگەی کوردی بە تەواوەتی کۆمەڵگەیەکە لەناو حیزبدا نقوم بووە".
سەبارەت بە ناڕەزاییەکانیش دەڵێت "ئێستا لوتکەی ئەو قەیرانانەیە کە ئەمڕۆ لەکوردستانی باشوردا روودەدات، واتە پاش 25 ساڵ خەڵک هاتۆتە سەر ئەوەی کە داوای بچوکترین مافەکانی خۆی بکات، ئەویش مافی ژیانە".
"ناڕەزاییەکان زۆر لەوە گەورەترن کە ئێمە لە سیستمی موچەدا بچوکی بکەینەوە، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر ئەو جۆرە لە مۆدێلی حوکمڕانییەیە کە ئەمڕۆ لەکوردستاندا هەیە".
سەبارەت بە سیستمی دامەزراوەیش دەڵێت "بۆئەوەی بتوانێت سیستمێکی دامەزراوەیی دروست بکەی کە بتوانێت خۆی بۆخۆی بەردەوامی بەخۆی بدات، ئەوەیە بەڕاستی دەبێت ئەم قۆناغەی ئێستای ئێمە هەمانە لە کوردستاندا کە دەتوانی پێبڵێی قۆناغی بە حیزبیکردنی حکومڕانی، دەبێت ئەم مۆدێلە لەناوببرێت، کەواتە پێویستمان بە مۆدێلێکی تەواو جیاواز هەیە".
بۆ نمونە دەڵێت "مەکتەب سیاسییەکان باڵاترین دەسەڵاتن لەلای ئێمە، نەک پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیر و دەزگاکان".
سەبارەت بە سودوەرنەگرتن لە نەهامەتییەکانی حوکومڕانی دارا محەمەد دەڵێت "کاتێک دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردی ئاگاداری هەموو ئەو سیستمە شسکستخواردوانەیە کە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم سەدەیەدا پیایدا تێدەپەڕێت، ئەنجامەکەی دەبینین؛ کە بریتییە لە گۆمێک خوێن، بریتییە لەکۆمەڵێک شەڕی ناوخۆی گەورە کە روودەدات کە هەموشی دەرئەنجامی ئەو سیستمی حوکمڕانیەیە کە لەسەدەی رابردوودا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبووە".
"سیاسەتی کوردی لەستراتیژە گەورەکانی دنیا تێنەگەیشتووە".
لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....