لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) دوو بابەت باس دەکرێن. یەکەمیان کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە سوریا و دووهەمیشیان تێپەربوونی ساڵێک بەسەر پەکخستنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا.
یەکەم: کۆبوونەوەی نێونەتەوەی سەبارەت بە سوریا:
دووهەم کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە توندوتیژییە خوێناویەکانی سوریا وەک بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە لەندەن دەستپێبکات واتە یەک ڕۆژ پاش ئەو کۆبونەوەیەی لە لۆزان لە سویسرا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا دەکات بۆ وتووێژکردن لەسەر ڕێبازێکی هەمە لایەنە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا لە ڕێی ئاگربەستێکی بەردەوام و هەروەهاش دەستکردنەوە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە جان کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگیێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و وڵاتانی سەرەکی ناوچەکە کۆدەکاتەوە. لاڤرۆڤ گوتوویەتی لەوانەیە تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەر بەشدار بن لەو کۆبوونەوەیەدا.لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی لەندەنیشددا پێدەچێت جان کیری پوختەیەکی ڕەوشەکە بۆ ئەوروپاییەکان بخاتە ڕوو.
هەردوو کۆبوونەوەکە دوابەدوای ئەوە دێن کە سوریا بەدترین توندوتیژی بە خۆوە بینیوە لەوانە هێرشەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا بۆسەر ناوچەکانی لەژێر کۆنترۆڵی سەرهەڵداواندان لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب، هەروەهاش لە دەمێکدایە واشنتۆن تەواوی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕاگرتوە سەبارەت بە ئاگربەست لە سوریادا.
ئایا دەرفەتیک بۆ هێنانە ئارای ئاگربەستێکی درێژخایەن لە سوریادا هەیە؟
ئایا زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی ناوچەکە دەگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسیانە لەسەر قۆناغی گواستنەوە لە سوریا؟
ئایا کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا بە مانای کۆتاییهێنانە بە قەیرانی ئاینزایی و جەمسەرگیریەکان لە ناوچەکەدا؟
ئایا ئۆپزسیۆنی سوریا چ داوایەکی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەیە؟
لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنانەدا، کورد لە سوریادا لە کوێدایە؟
(شەلال گەدۆ) سکرتێری پارتی چەپی دیموکرات وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.
دووهەم: ساڵێک پاش پەکخستنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق:
لە یەکەم ساڵیادی ڕێگەگرتن لە دکتۆر یوسف موحەمەد سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەوەی بگەڕێتەوە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم لە ڕاگەیاندنێکدا نوسیویە کە بزووتنەوەی گۆڕان و دکتۆر یوسف بەرپرسن لە پەکخستنی پەرلەمان. هەر لەو ڕاگەیاندنەشدا فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات هەم بزوتنەوەی گۆڕان و هەمیش سەرۆکی پەرلەمان دەبێت دان بنێن بەوەی سەروەری پەرلەمانیان بنکۆڵ کردووە.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش ئەم پەکخستنەی پەرلەمانی بە بڕیارێکی تاک لایەنەی لایەنێکی سیاسی ناودێر کردووە کە دژی ڕەوایی دیموکراسی و ڕەوایی پەرلەمان بووە. لە وتارەکەیدا سەبارەت بەم ساڵیادە، دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم دەڵێت پەکخستنی پەرلەمان ڕووداوێکە پێویستە وەک تاوان دابنرێت لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا.
دوابەدوای ئەم ڕووداوەی ڕۆژی 12 ی مانگی دەی ساڵی 2015، ڕێگەش نەدرا وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە هەولێر بمێننەوە. ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمیش پرسیار و گومانێکی زۆری لەسەر حکومەتی بنکە فراوان هێنایە ئاراوە.
لەگەڵ چاوەڕوانییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم، ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان قوڵتر و ئاڵۆز دەبوونەوە و داواکردنەکانی خەڵکیش لە هەرێم بەرفراوانتر بوون.
کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکێکە لە داوا هەرە سەرەکییەکان بەڵام لەگەڵ درێژەکێشانی کاتدا ئەم کاراکردنەوەیە هەنگاوی زیاتر و لەبەردانەواندنی زیاتری لایەنە سیاسییەکانی دەوێت.
ڕەوشەکە ئاڵۆز بوو بە شێوەیەکلایەنی دەرەکی هێنایە سەر خەت، ئەمریکییەکان، بەریتانییەکان، فەڕەنسییەکان، ئێرانیەکان و تورکەکانیش، لەوانەشە لایەنی تریش هەبووبن بەڵام لە پشت دەرگای داخراوەوە کاریان کردبێت.
ئەم ڕەوشەی هەرێم بە تایبەتی لە ماوەی ئەم ساڵەی ڕابورد، پرسیارگەلێکی زۆری لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هێنایە ئاراوە سەبارەت بە کۆی سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی کردن لە هەرێمی کوردستاندا.
ئایا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کارا دەکرێتەوە؟
باشترین میکانیزم بۆ ئەم کارا کردنەوەیە چییە؟
ئایا لایەنە سیاسییەکان هێندە متمانەیان بە نوێنەرانی خۆیان هەیە لە پەرلەماندا تا ڕێگەیان بدەن ببنە خاوەن بڕیار؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بڕوایان بە پەرلەمان هەیە؟
ئایا پەرلەمانتارانی هەرێم خۆیان دەتوانن بە کۆکردنەوەی واژۆ پەرلەمان کارا بکەنەوە؟
(دکتۆر کەنعان حەمە غەریب) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیزیش دەداتەوە.
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا: