لە هەفتەی رابوردوودا تورکیا لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا دەیان رادیو و تەلڤزیۆنی کوردی داخست، ئێستاش لە ئەوروپا MedNuce TV و Newroz TV یش کەوتوونەتە بەر هەمان جۆرە شاڵاو. ئایا ئەمە درێژەپێدانی هەمان ئەوەیە کە لە ناوەوەی تورکیادا روو دەدات؟
سامان شەهابی بێژەر و پێشکەشکار و یەکێک لە کارمەندانی نەورۆز TV لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بەڵێ لە راستیدا دەتوانین بڵێن درێژەپێدانی هەمان کردەوەیە کە بەرامبەر بە میدیای ئازاد و چاپەمەنی ئازاد لە ناو تورکیا و ئەوروپادا بەرێوە دەچێت، بەڵام دۆخی نەورۆز TV هەندێ جیاوازترە لەبەر ئەوەی وەشان و رێبازی نەورۆز TV بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان و لە قاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدایە و توانیویەتی زۆرترین بێنەر لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو نەژادەکانی ئێراندا بۆ خۆێ پەێدا بکات ".
کاک سامان هەر وەها دەڵێت" ناوەندی Eutelsat کە ناوەندیەکەی لە فەرەنسادایە لە 8 ی مانگ ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە وەشانی تەلڤزیۆنەکەتان لەسەر Hotbird را دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە راگرتنەکەش لەسەر سکاڵا و داخوازی دەوڵەتی تورکیادا بوە و بریارێک نەبوە کە لە لایەن دادگاوە درا بێت، بەڵکو بریارێک بوە کە لە دەرئەنجامی رێکەوتنێک لە نێوان Eutelsat و دەوڵەتی تورکیادا بوە".
کاک سامان دەشڵێت" داخستنی نەورۆز TV لە قازانجی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و داعش دایە و هەوڵدانیش لە ئارادایە بۆ بەردەوام بوون لەسەر بەرنامەکانمان و ئەگەر یاساییە ئامادەین روبەرووی لایەنی ئاسایی ببینەوە چونکە حەقمان بە دەستە و هیچ خاڵێکی نیگەتیڤمان لەسەر نییە".