(که‌ریم ده‌شتی) تا ئێستا زیاتر له ده دیوانه شیعریی پێشکه‌ش به کتێبخانه‌ی کوردی کردووه و ژماره‌یه‌کیش له به‌رهه‌مه شیعرییه‌کانی وه‌رگێڕدراون بۆ زمانه‌کانی وه‌ک عه‌ره‌بی و فارسی و سویدی و هه‌روه‌ها ئینگلیزیش .
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی ئه‌م شاعیره‌مان به‌کارهێنانی زمانێکی ساده و ڕه‌وانه که به سانایی مه‌به‌ستی خۆی ده‌پێکێت .
که‌ریم ده‌شتی به گه‌نجینه‌یه‌کی زمانه‌وه وێنه شیعرییه‌کانی پڕ ده‌کات له ئێستا و له‌گه‌ڵ دوێنێدا ده‌مانخاته وتووێژه‌وه و چیرۆکه‌کانی سبه‌ینێشمان بۆ ده‌خوێنێته‌وه.
خوێنه‌ر کاتێک ده‌که‌وێته شه‌ن و که‌و کردنی ده‌قه‌کان مه‌به‌سته هه‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی دۆزینه‌وه‌ی جوانیه‌کانه له ده‌قه‌کاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌و چێژه‌یه که ده‌قێک به خوێنه‌ری ڕژدی خۆی ده‌به‌خشێت، بێ له‌وه‌ش ئه‌م خوێنه‌ره وه‌ها لێده‌کات نه‌ک هه‌ر ته‌نها به‌شوێن پرسیاره په‌نهانه‌کانی ناخی خۆیدا بگه‌ڕێت به‌ڵکو هه‌وڵیش بدات وه‌ڵامێکیش بۆ ئه‌و پرسیارانه ببینێته‌وه که هێشتا ناونیشانێک بۆ وه‌ڵامه‌کانیان ئاشکرانین.
زۆرێک له‌وبڕوایه‌دان هه‌ر شیعرێک هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ڕه‌وشێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه له ده‌قێکی تر و ته‌نها خودی شاعیر ده‌زانێت له چ هه‌لومه‌رجێک و له چ ڕه‌وشێکدا ئه‌م ده‌قه‌ی خۆیی نوسیوه، هه‌ر ئه‌مه‌شه ده‌بێته بنه‌مایه‌ک بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعره کۆپییه‌کان که ئێجگار دوورن له جیهانه شیعرییه‌کانی ئه‌وانی تر.
هێنده‌ی ئه‌وه‌ی بۆ خۆم شیعره‌کانی (که‌ریم ده‌شتی) ده‌خوێنمه‌وه، دنیایه‌که پڕ له ئارامی، ئاسمانێکه لێوان لێو له ئاسوده‌یی، باخچه‌یه‌که پڕه له شیله‌ی شیعر و ده‌روازه‌یه‌که بۆ ئاوازه نه‌رمه‌کان و په‌نجه‌ره‌یه‌که بۆ گومانه‌کان و هه‌ر هه‌موشیان پێکه‌وه گۆرانی بۆ مرۆڤه‌کان ده‌چڕن.
ئایا ڕه‌وایه بگوترێت شیعر به‌سه‌ر کات (زه‌مه‌ن) دا دابه‌ش ده‌کرێت؟
ئایا وه‌رگێڕانی ده‌قی کوردی بۆ زمانه زیندوه‌کانی جیهان ده‌کرێت به هه‌نگاوێک بۆ به‌جیهانیبوونی ده‌قی کوردی دابنرێت؟
به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌کان هه‌ر یه‌که و به ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕه‌هه‌ندێکی ده‌روونی تیادایه، ئه‌م ڕه‌هه‌نده ده‌روونیه لای که‌ریم ده‌شتی شاعیر چه‌ند ئاماده‌یی هه‌یه؟
له فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا ژانری ڕه‌خنه چه‌ندێک بۆته هۆکارێک بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ی ده‌ق؟
ئازیزانم ئێوه ڕاتان چییه؟
(که‌ریم ده‌شتی) شاعیر له به‌رنامه‌ی (ژیان له فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه: