میدیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ژیانی رۆژانەماندا، بەڵام لەم کاتە ناسکەی کە کوردستان و هەرێمی کوردستان تێدا دەپەرێ، بە تایبەت لە روبەرووبونەوەیدا بەرامبەر بە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئایا میدیای کوردی بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ بارودۆخەکەدا کار دەکات.
مەسعود عەبدولخالق خاوەن ئیمتیازی دەزگای راگەیاندنی ستاندەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بە دڵنیاییەوە میدیا و راگەیاندن لە کوردستان دەردێکی گشتی هەیە وە هەندی دەردی تاێبەتیش هەیە، دەردە گشتیەکانی ئەوەیە رەچاوی ئەو قوناغەی کە قوناغی رزگاری نیشتمانی پێی دەووترێ، نەکراوە، قوناغی رزگاری نیشتمان پێویستی بە راگەیاندنێکی ئامانتارە وە یاخود بە ووتەی ماوتسی تۆنگ Mao Tse-tung میدیای ئاراستە کراوو، ئەوەی نییە، چ لە سەرەتای دەستپێکردنی یاساکان، چ لە رێگا پێیدان وە یاخود ئاراستە کردنەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، یان سەندیکا، بۆیە بە راستی بێ سەر و بەریەک دیارە، ناتوانرێ بڵێ راگەیاندنێکی نیشتمانیە".
کاک مەسعود هەر وەها دەڵێت" بە راستی راگەیاندنی سەر بە پارتەکان ئاگای لە پرسی نیشتمانی و ئەوەی پێی دەووترێ هەستیەتی جەنگ نییە، ئاگای لەو شتانە نیە، زۆر لە خەمی چەواشەکاری دایە، زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە نیین ئەو کارانەی کە دەیکەن زیانی هەیە، مەترسی هەیە، دوژمنان دەتوانن سوود لەو راپۆرتە وەرگرن و بە هیچ شێوەیەک لێپیچینەوە و جاودیری نییە، وە ئەم کەم و کۆریانە هەم لە تاکە وە هەم لە دەزگاکان".
کاک مەسعود دەشڵێت" هەندێ کەناڵ کە زۆر شارەزای ستراتیژیەتی جەنگی نیین، گەلی جار بە خۆرایی زانیاریەکی یەکجار زۆر گەورەی دەداتە دوژمن بێ ئەوەی خۆێ هەستیشی پێی بکات، هەندێ هێڵی سوور بۆ راگەیاندنەکان دانراوە، بەڵام ئەو هێڵە سوورانە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی نیین، هێڵە سوورەکان زۆربەی لە لایەن کەسایەتی و پارتەکانەوە دانراوون و وەزارەتی پێشمەرگەش چوارجێوەیەکی دانەناوە لە چونیەتی کار کردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا".