لیوا بارام یاسین بەرپـرسی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری بەعشیقە کە تەنها 6 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە ، باس لەوە دەکات کە هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە، رێگەی سەرەکی بەعشیقە بۆ موسڵیان بڕیوە، چەکدارەکان بە گەمارۆدراوی ماونەتەوە و پێشمەرگە خەریکی پاک کردنەوەی ناوچەکەیە. سەبارەت بە ناو موسڵیش لیوا بارام دەڵێت "داعش بەشی رۆژئاوای شارەکەی لە بەشی رۆژهەڵات جیا کردووەتەوە بەهۆی تەقاندنەوەی بەرزە پردەکان ، دەشڵێت "ئەوان خۆیان قایم دەکەن لە خۆرئاوای شارەکە، لەناو شاریش زۆر لە بارەگاکانیان خزاندووەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان، هەروەها گەنجێکی زۆریشیان بۆ کاری خۆکوژی ئامادە کردووە، تونێلێکی زۆریشیان لێداوە، هەمووشی بۆ ئەوەیە کە خۆیان بۆ بەرگری لە موسڵ خۆیان ئامادە دەکەن."
سەبارەت بە بەشداری هێزەکانیان له رزگارکردنی ناو شارەکە لیوا بارام وتی "ئێستا سەنگەرەکانمان لەسەر دووا شوێنی سنووری هەرێمی کوردستان هەڵدەکەنین ئەو شەڕەش کراوەیە، ئەگەر هەر رێکەوتنێکی سیاسی هەبێت ئێمە جێبەجێی دەکەین."