Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەڕی داعش لە نێوان براوەکان و دەستێوەردانەکاندا


شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لەوپەڕی برەودایە و هێرشەکان بۆسەر ئەو ناوچانەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی داگیری کردوون دەستیان پێکردووە.

دەوڵەتە خەلافەتییەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی هەروادێ و ناوچەی زیاتر لە دەست دەدات لە عێراق و لە سوریاشدا و بەتایبەتیش پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە عێراق.

ئایا کێ براوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ی دژی داعشه‌؟

زۆرێک لە چاودێر لەوبڕوایەدان تەنانەت دەرکردنی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە تەواوی ناوچەکەدا ناکرێت بە کۆتایی مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە دابنرێت ئەگەر بێتوو فاکتەرەکانی هێنانە ئارای ئەم ڕێکخراوە و هاوشێوەکانیشی بنەبڕ نەکرێن.

پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر بەرەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ هەن، لەوانە تاچەندێک دەتوانرێت کاریگەرییەکانی داعش لەناو عەشرەتە سوننەکانی ئەو ناوچەیەدا (ئەوانەی پشتیوانییان لە دەوڵەتی ئیسلامی کردووە) نەهێڵدرێن؟ ئایا ئەگەری پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە هەیە لە پاش ڕزگارکردنی موسڵ؟ ئایا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە کە بۆچی داعش توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەم دووهەم گەورەترین شارەی عێراق داگیربکات؟

ئایا ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ ده‌رفه‌تێکی تره‌ بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ (تورکیا و ئێران) له‌ دۆسێی ده‌ستێوه‌ردانی عێراقدا؟

ئەم دوو وڵاتە دراوسێیەی عێراق هەر یەکەیان جۆرێک لە بەرژەوەندییان هەیە، بەرژەوەندی درێژخایەن و کورت خایەنیش.

ئێران دەخوازێت هەژموونی هەبێت لەم شارەی عێراقدا کە هاوسنوری سوریایە و دەشێت وەک کورتترین و سەرەکیترین ڕێگە بیبینێت بۆ بەستنەوەی تاران و دیمەشق و هەروەهاش تۆکمەکردنی ئەو کەوانە شیعەییەی لە ئێرانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سنورەکانی باشوری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیلدا. نکوڵی لە لاوازی لەشکری عێراق ناکرێت بەتایبەتیش لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا دەگوترێت ئەمە شەڕێک نییە سەربازە فەرمییەکانی حکومەت بتوانن بە تەنیا ئەنجامی بدەن، هەر بۆیەشە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێتە پاڵپشت بۆ ئەم لەشکرە و هاوکات زەمینەیەکیشی ڕەخساندووە بۆ بەشداریپێکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک دەگوترێت تاران دەستێکی بەهێزە لە ناو ئەم هێزەی شیعەکاندا.

میوانی بەرنامە:
هونەر تۆفیق، نوسەر و لێکۆڵەر

تورکیا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە بێ لە ڕاگەیاندنە سیاسییەکانی گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە جموجۆڵی هێزە سەربازیەکانی تورکیا بەردەوامە. دواترینیان کۆکردنەوەی هێزێکی گەورەیە لە ناوچەی سلۆپی هاوسنوری هەرێمی کوردستانی عێراق. هەر لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا چەند جارێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە پەیماننامەی لۆزان دووبارە نابێتەوە.

پەیامەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی چییە؟

هەر ئەمڕۆ وەک بڵاوکراوەتەوە (هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە) سەرکردە تێرۆریستەکەی دەوڵەتی خەلافەت و ئیسلامی پەیامێکی دەنگی بڵاو دەکاتەوە و تیایدا داوا دەکات تێرۆریستان هێرش بکەنە سەر تورکیا و شانشینی عەرەبستانی سعودیە، ئەمە بێ لەوەی هەوڵی دەدا ورەی تێکشکاوی چەکدارەکانی هەڵبسێنێتەوە.

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە گومانێکی زۆر لەسەر هەڵوێستەکانی ئەم دوو وڵاتە هەن لەسەر داعش، بەڵام ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە لەوەدایە ئایا ئەم پەیامە دەبێتە بیانویەک بۆ تورکیا تا بەشدارییەکی راستەوخۆ بکات لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا؟

(هونەر تۆفیق) نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:29 0:00

XS
SM
MD
LG