Accessibility links

تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقەدا


هێزەکانی سوریای دیموکرات لەکاتی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە
هێزەکانی سوریای دیموکرات لەکاتی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە

لەوەتای ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕەقە پایتەختی دیفاکتۆی دەوڵەتە خەلافەتیەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی دەستیپێکردووە ڕوانینی سیاسیانەی جیاوازی لەسەر هاتوونەتە ئاراوە.

دەشێت ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕەقە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بێت لە رەهەندە سیاسیەکانەوە بەتایبەتیش وەک پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی ناوچەکە.

مەئمون خەلیفە
مەئمون خەلیفە

بەلای سیاسەت مەدارێکی سوریایی وەک (مەئمون خەلیفە)ەوە ترسەکە لەوەدایە تەواوی شەڕی ڕەقە لە بەرژەوەندی ئازادکردنی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا و یەکێتی گەلی سوریادا نەبێت و وەک دەڵێت "هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەم شەڕانە لەسەر بنچینەی فەرامۆشکردنی شەڕە گەورە نیشتمانییەکەبێت بۆ ئازادکردنی سوریا."

مەئمون خەلیفە دەڵێت ڕاگەیاندنەکەی (هێزەکانی سوریای دیموکرات) بۆ دەستکردن بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی رەقە لە دەستی داعش، ڕیگەی لە تورکیا بڕی بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقەدا.

مەئمون خەلیفە: بەبێ هیچ گومانێک پێویست بە بەشداری تورکیا هەیە لە شەڕەکانی لەناوبردنی داعشدا.

بەڵام بەرپرسانی پەیەدە بە گومانەوە لە ئەگەرەکانی بەشداری لەشکری تورکیا دەڕوانن لە سوریادا.

زوهات کوبانی
زوهات کوبانی

زوهات کوبانی، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەیەدە لە ئەوروپا دەڵێت تورکیا هیچ جارێک شەڕی داعشی نەکردووە و بە گەمانەوە لە بەشداری تورکیا دەڕوانین لەم شەڕەی ڕەقەدا چونکە بۆ شەڕی دژی داعش نییە و دەشڵێت مەبەستی تورکیا بۆ دروستکردنی کۆسپە لەبەردەم کورددا.

زوهات کوبانی: تورکیا خۆی کێشەیە نەک بەشێک لە چارەسەر.

پێشتر لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تورکیا چووە ناو قوبرسەوە و تا ئێستاش لەوێیە، هەروەهاش لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووشدا هاوکاتی شەڕی ناوخۆی کورد لە عێراقدا، تورکیا ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دانا و تا ئێستاش لەوێ ماون.

ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕەقەیان ڕاگەیاند لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە عێراق بەردەوامە و داعش پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە لە ناوچەکانی شاری موسڵ.

هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەش بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی دەکرێت کە بەسەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ مەئمون خەلیفە و زوهات کوبانی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:10 0:00

XS
SM
MD
LG