هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە کۆتایی هات و دانڵد ترامپ سەرەرای ئەوەی زۆری میدیاکانی ئەم وڵاتە لە دژیدا راوەستابوون، بردیەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هیلری کلینتن بە شێوەیەکی شارستانیانە دانی بە شکەستەکەی نا و پێرۆزبایی لە ترامپی کرد.
ئایا هەر وەکو ئەمەریکاییەکان جیهانی دەرەوەش بە پەرۆش و دڵەراوکیەوە چاویان لەم هەڵبژاردنەدا بوو؟
سەلام عەبدوڵا نووسەر، رۆژنامەووان و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بە رای من کەسەکە لێرە ئەو رۆڵە ناگێڕی، ترامپ بێ یان هیلری، هەردووکیان ئەبێ سیاسەت و بەرژەوەندی بۆرسە و کۆمپانیا گەورەکان جێ بەجێ بکەن و هەر ئەوان رۆڵی گەورە ئەبینن لە هەڵبژاردنیان، وە هەردوو پارتەکە کوماریەکان یان دیمۆکراتەکان بە بەردەوام تەواوکەری یەکتر بوونە نەل دژی یەک".
کاک سەلام هەر وەها دەڵێت" ئەگەر خەڵک ئەو دڵەراوکەی هەیە بە هۆێ ئەوەی ئەمەریکا هێزێکی جیهانی سەربازی، ئابوری زۆر زەبەلاحە و لە ماوەی ئەم 70 ساڵەی دواییەدا رۆڵێکی سەربازی دوژمنکاریانەی بینیوە لە سەر ئاستی جیهان، هەر لە جەنگەکانی ئەمەریکاوە بگرە تا پشتێوانیکردنی دیکتاتۆرەکانی ئەمەریکای لاتین وە تا ئەو شەرانەی کە رێبەرایەتی کردووە، ئا لەوە دەترسن وە بە هیوای ئەوەن سیاسەتێکی تر بگرێتە بەر".
کاک سەڵام دەشڵێت" ئەمەریکا هێزێکی زۆر گەورەیە، شیانی هەیە ئەگەر سیاسەتێکی ئاشتی خوازانە و رەوا پەێرەو بکا هاوسەنگە سیاسیەکان لە جیهان دەگۆردرێ".