جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە داواکانی مامۆستایان دەکات و داواش دەکات داهاتەکانی هەرێم بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا و حکومەتی نێوەندی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت ئەم هەوڵە دەچێتە خانەی خیانەتەوە.
ئارام شێخ موحەمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پڕۆژەی سێ فراکسیۆنی کوردی کرد (بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
هاوکاتیش لە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕیندا بەرامبەر نەدانی موچە و سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد (عەبادی عەبادی).
دکتۆر مارف عومەر گوڵ، مامۆستا لە کۆلیژی یاسا و زانستە ڕامیارییەکان –زانکۆی کەرکوک دەڵێت خەڵکی هەرێمی کوردستان گیریان خواردووە بەدەست ئەم ڕەوشە سەختە ئابوریەوە و خەڵک لە بارێکی پەرێشانیدایە لە کاتێکدا ڕۆژانە نەوت دەفرۆشرێت و ئەگەر ئەم فرۆشتنی نەوتە لێکبدرێتەوە ڕەنگە داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لەوەی دەدرێتە موچە و دەشڵێت دیارە خەڵکەکە دەرەتانی نەماوە بۆیە هانا بۆ بەغدا دەبەن.
دکتۆر مارف عومەر گوڵ دەڵێت داواکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیشانەی هیوابڕانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیەشە پێشنیازی لەو جۆرە دەکرێت و ئاماژەش بەوە دەکات لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە هێشتاش خەڵک لە هەرێم هاووڵاتیی عێراقین.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
.