لە کاتێکدا خەڵک داوای خۆیان هەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە هەندێک بەشی ئەم هەرێمەدا کە گیرۆدەی قەیرانی سیاسی و دارایی هاتووە بەردەوامن.
هێشتا هیچ بە دەنگەوە هاتنێک بۆ ئەم داواکاریانە لە ئارادا نییە و وەک هەندێک لە چاودێر دەڵێن پێدەچێت هەوڵەکانی پێشوو کە بۆ چارەسەرکردن دەدران گەیشتبنە بنبەست.
دکتۆر جەعفەر عەلی، شیکەرەوەی سیاسی هاوڕایە و دەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانی هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت بەدەرە لە ململانێیەکی سیاسیانەی دیموکراسیانە و دەشڵێت پاشخانی ئەم ڕەوشەش دەگەڕێتەوە بۆ سەروەختی یەکەم هەڵبژاردن لە ساڵی 1992 دا کە نەتوانرا ململانێیەکی دروستی سیاسیانە لە هەرێم بێتە ئاراوە بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و دروستکردنی دامەزراوەی سیاسی لەسەر بنەمای پیشەیی وبنەمای پێکهێنانی چەمکی هاوڵاتیبوون.
دکتۆر جەعفەر دەڵێت بەردەوام بوونی دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان بەم فۆرمەی هەیەتی ئەوا خۆپیشنادانەکان گەورەتر دەبن، ناڕەزاییەکان گەرمتر دەبنەوە و بە دووریش نازانرێت فۆرمی خۆپیشاندانەکانیش بگۆڕدرێن بۆ شێوەی تر.
لە میانەی وتوویژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر جەعفەر عەلی ئاماژەش بەوە دەکات کە هەمیشە لەوبڕوایەدا بووە ئەگەر لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵبجەدا بخوازیت خۆپیشاندان دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەیت، یاخود ئاڕاستەی گوتارەکەت بە پلەی یەکەم بەرامبەر پارتی بێت ئەوا وەک دەڵێت دووچاری کورت بینی سیاسی دەبێت.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: