وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەکان ڕایەڵێکی گرنگی ئاشنابوونی فەرهەنگە جیاوازەکانە.
بە گشتی کردەی وەرگێڕان لە فەرهەنگی کوردیدا بریتییە لە وەرگێرانی دەقە بیانییەکان بۆ زمانی کوردی، کەم کەمێکیش دەقە کوردییەکان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی بیانی بەڵام بەو ئەندازەیە نەبووە کە بگوترێت هێندەی پێویست بوون بە تایبەتیش کە دەقی ناوازە و داهێنەرانەش هەن لە ئەدەبی کوردیدا.
ژمارەیەک لە ئەزمونەکانی شاعیران و نوسەرانی کورد وەگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و سویدی و فارسی و عەرەبی و لەوانەشە چەند زمانێکی تریش بەڵام ئەم وەرگێڕانانە نەبوونەتە پڕۆژەیەکی درێژخایەن، بەڵکو زیاتر لە هەوڵی تاکە کەسیدا بوون.
ئەوەی زۆرێک لە وەرگێڕەکان باسی دەکەن پێویست بە دەزگایەکی تایبەت هەیە بۆ وەرگێڕان لە زمانی کوردیەوە بۆ زمانەکانی تر و هەوڵی زیاترە بۆ برەوپێدانی ئەم جۆرە لە وەرگێڕان.
(ماریا لابرۆس) نوسەر و مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی عێراق- سلێمانی، پڕۆژەیەکی لەم بابەتەی هەیە بە هاوکاری ژمارەیەک گەنج لە هەرێمی کوردستان.
ماریا لەوبڕوایەدایە ئەدەبی کلاسیکی کوردی ئەدەبێکی ڕووگەشە و پێویستە جیهان لێی ئاگادار بێت، هەر بۆیەشە لەگەڵ هاوکارەکانیدا دەستی کردووە بە پڕۆژەیەکی تری وەرگێڕان بۆ دەقە کلاسیکییەکانی شاعیرانی وەک نالی و مەحوی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و چەندانی تریش.
ئەم پڕۆژەیەش هەر تەنها بۆ وەرگێڕانی دەقەکان سنوردار نییە بەڵکو بەرنامەی ڕاهێنانیشی تیادایە بۆ ئەوانەی خزمەتی فەرهەنگی لە بواری وەرگێڕاندا دەکەن.
ماریا پاش بڵاوکردنەوەی دەستەبژێرێک لە شیعرەکانی (کەژاڵ ئەحمەد)، لە ئێستادا لەگەڵ هاوکارەکانیدا سەرقاڵی پڕۆژەکەیەتی بۆ وەرگێڕانی ژمارەیەک لە شیعرەکانی (عەبدوڵا پەشێو) و وەک دەڵێت ئەم کتێبە لە ساڵی ئایندەدا 2017 لە ئەمریکا چاپ دەکرێت.
(ماریا لابرۆس) یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی و ماوەیەکیش مامۆستای هەمان بەش بووە. نوسینەکانی و وەرگێڕانەکانی لە زۆرێک لە چاپەمەنیە ئەمریکاییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. لە ئێستاشدا ئەندامی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی هەرێمی و نێونەتەوەییە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی.
(ماریا لابرۆس) میوانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) یە: