پەسەندکردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2017 تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆتە جێی مشتومڕ و لێدوانی جیاواز، لەکاتێکدا چوار لایەنەکە بێجگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگیان بە پەسەنکردنی رەشنوسی پرۆژەی بودجەکەدا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٤ی کانوونی یەکەم لە راگەیەندراوێکدا لە سایتی فەرمی خۆیەوە ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزیرەکانی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو ناڕازیبوون لە یاسای بودجەی ٢٠١٧ی عێراق و پێیان وابووە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە".
کەواتە ئایا نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا گوزارشت لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن یان تەنها لە حیزبەکانیان یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا ئەو خاڵە ناکۆکانە چین کە پەرلەمانتاران و مەکتەبە سیاسییەکان لە یەک بڕیار و بیرکردنوەی هاوبەشدا کۆناکاتەوە؟ ئایا ئەم پرۆژە یاسا لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتایاندایە یان لە بەرژەوەندی حیزبەکاندا نیە؟
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و شرۆڤەکار ئەبوبەکر کاروانی دا سازکردووە..
ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت "ئەوەی کە بەدەستییەوە دەناڵێنین؛ ئەوەیە ناتوانین وەک هەرێمی کوردستان بیربکەینەوە و وە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی هاوبەشدا کە هەمومان پێکەوە کۆبکاتەوە و پابەندبین بە دروستکردنی بڕیار تیایدا و مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرماندا بکەین".
هەروەها دەڵێت "جیدیبوونێکی تەواو لەناو حیزبە سیاسییەکاندا نیە بۆ دروستکردنی بڕیاری سیاسی، دیدی رۆشن نیە، موزایەدەی سیاسیشی تێکەڵاوە، وە دیدێکی هاوبەشیش نیە، بۆیە سەرئەنجام ئێمە ناتوانین شتێک بکەین کە بە قازانج و بەژەوەندی خەڵکی کوردستان بشکێتەوە".
لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن....