لەگەڵ هەر بابەتێکی مشتومڕ لەسەر و گەرموگوڕ کە لە میدیای کوردیدا بڵاو دەبێتەوە پرسیارێکی سەرەکیش دەکرێت سەبارەت بەوەی ئەم بابەت یان ئەو بابەت چەندێک جێی متمانەیە و چەندێکیش کاریگەری جێ دەهێڵێت بەسەر خوێنەر و بینەر و بیسەریەوە.
هەر ئەم پرسیارە خۆیەتی دەروازە بەسەر ئەگەر و نەگەرەکانی دۆسێی ڕای گشتیدا دەکاتەوە. چۆن؟ بۆ نمونە لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەکی زۆری میدیا لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام هێشتا پرسیارگەلێک هەن سەبارەت بەوەی بۆ تا ئێستا میدیا نەیتوانیوە ڕایەکی گشتی بێنێتە ئاراوە.
ئایا لایەنی دەسەڵات تەگەرەی بەردەم دروستبوونی ڕای گشتییە یاخود میدیاکان خۆیان بەشێکن لەم کێشەیە؟
لە میدیای کوردیدا ڕەوشێک هاتۆتە ئاراوە کە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دروستکردنی قەیران ناودێر دەکرێت لەو سۆنگانەوەی کە باس لە لایەنگیری میدیا دەکرێت لە نێوان لایەنەکانی قەیرانەکاندا و بوونی بە ئامڕازێک بەدەست لایەنەکانەوە. ئەمەش هەر تەنها میدیای لایەنە سیاسییەکان و میدیا سێبەرەکانیان ناگرێتەوە، بەڵکو وەک باس دەکرێت ڕۆچۆتە ناو ئەو میدیایەی بە سەربەخۆ ناودێر دەکرێت.
ئەم گلەیی و گازەندانە لە میدیای کوردی هەر تەنها لە ڕووە سیاسییەکەیەوە نییە بەڵکو لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیشەوە قسەی لەسەر دەکرێت.
میدیا هێشتا نەیتوانیوە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن، وەک زۆرێک لە چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان دەڵێن چونکە تەنها لە بۆنە تایبەتەکاندا دۆسێی ژنانیان بیر دەکەوێتەوە و باس لەم دۆسێ گرنگە کۆمەڵایەتیە دەکەن.
هاوکات باسیش لە سیستەمی باوکسالای میدیای کوردی دەکەن لە ڕوانگەی ئەو جیاوازیانەی لە نێوان میدیاکارانی پیاو و ژندا دەکرێن. وەک دەگوترێت ژنانی ڕۆژنامەوان دەرفەتێکی ڕاستەقینەی نادرێتێ تا بتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت و بێ لەمەش فشارێکی زۆر دەخرێتە سەریان هەم لە ناو ئەو نێوەندە میدیاییەی کاری تیادا دەکات و هەمیش لە ناو کۆمەڵگا خۆیەوە.
ئەم جۆرە ڕوانینانە لەسەر میدیای کوردی لە دەمێکدایە کە یەکێک لە تیۆریە گرنگەکانی بواری ڕۆژنامەوانی بریتیە لە تیۆری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بە هێند وەرگرتنی ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر پرس و بابەتێکدا.
ئایا میدیای کوردی بۆتە خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی و بەرهەم هێنانی زمانێکی میدیاییانە؟
ئایا میدیای کوردی ئاڕاستەکانی بیرکرنەوەی مرۆڤی کوردی فراوان کردووە؟
ئایا میدیای کوردی توانیویەتی ببێتە دەسەڵاتی چوارهەم؟
ئایا میدیای کوردی توانیویەتی ڕۆڵێکی ئەرێنی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە لە ژیانی تاکەکاندا بگێڕێت؟
(شۆخان مەحمود) نوسەر و ڕۆژنامەوان میوانی دواهەمین بەرنامەی ساڵی 2016 ی (ژیان لە فەرهەنگدا) یە: