Accessibility links

خانم ڕەحیم لەتیف: کوشتنی ژن لەسەر شەرەف پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی حکومەتی هەرێمەوە


گیانلەدەستدانی سەروین نۆبەدار كە خوێندكاری زانكۆی ئیشق بوو لەشاری هەولێر، كاردانەوەیەكی زۆری لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان‌و ڕای گشتی دروستكرد بەتایبەتی كە چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەدا كە ناوبراو لەلایەن باوكیەوە سوتێنراوە‌و لەبەرامبەردا پۆلیسی قەزای سۆران ئەوەی رەتكردەوە كە باوكی سوتاندبێتی‌و رایانگەیاند كە روداوەكە قەزا‌و قەدەر بوە‌و بەئاگركەوتنەوەی موەلیدەی ماڵەوەیان سوتاوە‌و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیش لەپەرلەمانی كوردستان لەنوسراوێكدا ئاشكرای كرد كە لەلێكۆڵینەوە‌و وەرگرتنی لێدوان لەشایەتحاڵەكانی روداوەكە دەركەوتوە كە ئەو كچە لەلایەن باوكیەوە سوتێنراوە‌و داوای لەوەزارەتی ناوخۆ كرد كە لێكۆڵینەوە لەروداوەكە بكات‌و هۆشداری ئەوەیدا كە هەوڵ دەدرێت راستی روداوەكە بەلارێدا ببرێت‌و هەروەها خاڵی سەروین كە هونەرمەندێكی سینەماكاری كوردە لەهەژمارەكەی خۆی لەفەیسبوك‌و لەدوتوێی نوسینێكدا سوتاندنی خوشكەزاكەی لەلایەن باوكیەوە پشتڕاست كردەوە.

بەڵام تا ئەم ساتەوەختە گیان لەدەستدانی سەروین نۆبەدار هەر تەمومژاوییەو بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە سەبارەت بەم پرسە وتووێژی لەگەڵ بەڕێوبەری رێکخراوی ئاسودە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؛ خانم رەحیم لەتیف سازکردووە.

خانم دەڵێت "ئەم کێشەیە تەمومژاوییە، لەبەرئەوەی وتووێژ و قسەی جیاجیای لەسەردەکرێت، هەتا پۆلیسیش دوو لێدوانی جیاوازی لەبارەیەوە داوە".

هەروەها دەشڵێت "ئەم کەیسە کەیسێکی زۆر سەختە، دیارە پێشتریش کەیسی خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان کە بەردەوامی هەبووە، بەڵام لە 2016 دا بەهۆی هەڵکشان و خراپبوونی بواری ئابوری هەرێمەکە و کێشەکە کۆمەڵایەتییەکان رۆژ بە رۆژ روو لەزیادبوونە".

سەبارەت بە هەڵوێست و هەنگاوی کرداری رێکخراوەکان سەبارەت بەم کەیسە خانم دەڵێت "ئێمەش وەک رێکخراوەکان دەستمان بەوە کردووە بەدواداچوونی بۆ بکەین، بۆ دۆزینەوەی سەرە داوەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکە کە هەیە، چۆن روویداوەو چ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی بەو جۆرە گیان لەدەستبدات".

سەرئەنجام خانم رەحیم لەتیف دەڵێت "کوشتنی ژن لەسەر شەرف، پەڵەیەکی رەشە بە ناوچەوانی حکومەتی هەرێمەوە".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن..

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:51 0:00

XS
SM
MD
LG