هاوکاتی گەیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستانبوڵ ئاڵای کوردستان لە نێوان ئاڵای عێراق و تورکیادا لە فڕۆکەخانەکە هەڵکرابوو، بەڵام لەکۆبوونەوەکەی مەسعود بارزانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا ئاڵای کوردستان دانەنرابوو.
کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک پێشوازییان لە بارزانی کرد.
بارزانی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئەستانبوڵ و لە کۆبوونەوکەشیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسی دەکەن باس لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و قۆناغی پاش ئازادکردنی موسڵ کراوە لە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری وزەی تورکیاش ئامادەبووە.
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا لە میانەی زنجیرەیەک سەرداندایە کە لە ماوەی ڕابردوودا کراون بە تایبەتی کە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێککەوتنی گرنگی هەن لەگەڵ وڵاتی تورکیادا و ئێستاش کە باس لەوە دەکرێت حکومەتی عێراق لە هەوڵی چەند ڕێککەوتنێکدایە بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکوک بە ئێران، لەو بیرە نەوتیانەی لەو ناوچەیەی لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و تورکیادان.
دکتۆر ڕێبوار ئاماژەش بەوە دەکات چۆن دابەشبوونە هەرێمایەتییەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە و دوو ئاڕاستە هەن لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێونەتەوەییش و دەڵێت لە قۆناغی پاش داعش لە عێراقدا کورد ژمارەیەکی گرنگە لە داڕشتنەوەکاندا و ڕەچاوی پێگەی کورد دەکرێت وە دەشڵێت بەڵام شێوەی پێگەی کورد و ئامادەیی کورد لەو قۆناغەدا کەوتۆتە سەر ئەوەی لەم جۆرە سەردانانەدا پێویستە ڕوونکردنەوە هەبن لەسەر ڕوانینەکان بەرامبەر ئەو قۆناغەی پاش داعش وئایا ئاستە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان چییان پێیە بۆ کورد لە قۆناغی دوای داعشدا.
سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، دکتۆر ڕێبوار دەڵێت لە ڕووی پرۆتۆکۆڵییەوە دانانی ئاڵا گرنگی خۆی هەیە و دانەنانی ئاڵاکەش لە کۆبونەوەکەی بارزانی و ئەردۆغاندا واتای خۆی هەیە.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژکەکەدایە: