هه‌ندێ له میدیاکان باس له رێکه‌وتنێک ده‌که‌ن له نێوان روسیا و کورده‌کان دژ به تورکیا، که له راستیدا سوریاش ده‌گرێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایه به‌شی باشوری رۆژئاوای مه‌نبج بدرێته ده‌ستی هێزه‌کانی سوریا.
ئاخۆ تا چه‌ند شیانی رێکه‌وتنێکی له‌و جۆره له سه‌ر ناوچه‌یه‌که‌دا هه‌یه که به خوێنی سه‌دان کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تردا رزگار کراوه؟ ئایا ئه‌مه به مه‌به‌ستی خۆ لادانه له شه‌ری راسته‌وخۆێ تورکیا؟
دکتۆر جه‌بار قادر شاره‌زای کاروباری تورکیا و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت "من پێیم وایه له سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ست ئه‌وه نه‌بوه کورد له مه‌نبه‌ج بمێنێته‌وه، به‌ڵکو گرتنی مه‌نبج بۆ ئه‌وه بوو ته‌نها وه‌کو رێگه‌یه‌ک بکرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و corridor یان ئه‌و رێره‌وه له نێوان کانتۆنی عه‌فرین و کانتۆنی کۆبانیدا درووست بکرێت، وه ئه‌و کاته هه‌ستێکی وا هه‌بوو له لای هێزه چه‌کداره‌کانی رۆژئاوا که تورکیا ناتوانێ له‌به‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی که له‌گه‌ڵ روسیا و ئه‌وانه‌ی تردا، ده‌ست بخاته ناو کاروباری ئه‌و ناوچه‌دا، بۆیه ئه‌و ناوچه‌یه‌یان گرت".
دکتۆر جه‌بار هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " به‌ڵام ئێستا دووای ئه‌و گۆڕانکاریانه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا وه ئه‌و جۆره نزدیکبوونهوه له‌گه‌ڵ روسیا و له‌گه‌ڵ ئێران و ته‌نانه‌ت هه‌ڵویست گۆڕین به‌رامبه‌ر رژێمی ئه‌سه‌د له سوریا، ئه‌مه بوه هۆێ ئه‌وه‌ی که بارێکی دی بێته کایه‌وه وه رێگا به تورکیا درا ئه‌و کرداره له‌و ناوچه ئه‌نجام بدات که ناوی ناوه قه‌ڵغانی فورات، وه پێیم وایه هێزه کورده‌کان نه‌یانویست له‌سه‌ر مه‌نبج
بکه‌ون یان تێوهگلین به شه‌ڕێکه‌وه که زیانێکی زۆر زۆریان لێ بکه‌وێ وه قوربانیه‌کی زۆر بده‌ن له پێناو ناوچه‌یه‌کدا که له بناغهداله چواچێوه‌ی ئه‌و یه‌که فیدرالیه‌ی که بۆ خۆیان داێناوه تێدا نه‌بوو".
دکتۆر جه‌بار ده‌شڵێت " هه‌ر ناکۆکیه‌کی له‌و جۆره کێشه درووست ده‌کا، ئه‌مه هێڵێکی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکایه له سوریا وه کورده‌کانیش نایانه‌وێ به ته‌واوه‌تی رووبهرووێ ئه‌و ستراتیژیه‌ی ئه‌مه‌ریکا ببنه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئه‌وان هه‌ستیان کرد رێگه به تورکیا دراوه که هێڕش بکاته سه‌ر مه‌نبج وه ئه‌مه‌ش هاوسه‌نگی هێزه‌کان له ناوچه‌که‌دا ئه‌گۆڕێ له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان په‌نایان برد بۆ رۆسه‌کان، وه به بێ گه‌ره‌نتی روسه‌کان هێزه‌کانی سوریا له‌وێ ناتوانن بۆ یه‌ک رۆژیش بمێننه‌وه".