جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوتووە یەکێتی نیشتمانی و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بە ڕێکەوتنێک گەیشتوون بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیەی لە هەفتەی ڕابردووەوە لە کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک سەریهەڵدا.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕۆیتەرزی گوت ڕێکەوتنەکە کۆتایی بە کێشەکە هێنا و هەناردەی نەتەوەکە ڕاناگیرێتەوە.
هەفتەی ڕابردوو هێزێکی یەکێتی نیشتمانی چوونە نێو کۆمپانیای نەوتی باکور و بۆ ماوەیەک هەناردەی نەوتی لە لولە نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ڕاگرت و چەند بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڕەشەیان کرد ئەگەربێت و داواکاریـیەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا جارێکی دیکە هەناردەی نەوتەکە ڕادەگرنەوە. داواکاریـیەکانیش بریتی بوون لە دامەزراندنی باڵاوگەیەکی نوێی نەوت لە کەرکوک و زیادکردنی بەرهەمهێنان لەو پاڵاوگەیەی لە ئێستادا هەیە.
ڕۆیتەرز دەشڵێت سەرچاوەیەکی کوردی گوتویەتی یەکێتی کۆتایی بە هەڕەشەکەی هێناوە پاش ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی نەوتی کەرکوک زیابکات.
هاوکات ئەمڕۆ جەبار عەلی ئەللعێبی وەزیری نەوتی عێراق نامەیەکی ئاڕاستەی عەبادی کرد و تیایدا نووسیویەتی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکور و کۆمپانیاکانی نەوت توانیویانە یەکەیەکی نوێی پاڵاوتنی نەوت بخەنە کار کە دەتوانێت ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە پاڵاوگەی کەرکوک بەرهەمبهێنێت.
لعێبی گوتیشی بەمەش بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی نەوتی کەرکوک دەگاتە 40 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێـکدا و بەشێکی پـێداویستیەکانی پارێزگاکە و هاوڵاتیان لە سووتەمەنی دابین دەکات.
هەروەها سەرچاوە کوردیـیەکە گوتویەتی بە دامەزراندنی ئەم یەکە نوێـیە دابەشکردنی سووتەمەنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە کەرکوک و سلێمانی باشتردەبێت و هەلی کاری زیاتر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێت.