لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا وەک چۆن دەگوترێت سیاسەت دەتوانێت کێشەکانی پرسە مشتومڕ لەسەرەکان چارەسەربکات ئاوەهاش پێویستە بزانرێت کارکردن و جێگیرکردنی دۆسێ فەرهەنگی و کولتورییەکان دوو هێندەی سیاسەت گرنگە بۆ یەکلاکردنەوەی ناسنامەی تایبەتمەندێتییەکان.
دەشێت سیاسەت چارەسەری لەلاهەبێت بەڵام هەرگیز مەرج نییە ئەو چارەسەرە هەمیشەیی بێت و لەوانەشە لە هەندێک جاردا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن بێت و کێشەکان بە ئاڵۆزییەکی زیاترەوە بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) دەچێتە شاری کەرکوک و لەگەڵ هونەرمەندێکی ناوداری شارەکەدا ئەم پرسە باس دەکات.
هونەرمەند (چالاک سدیق) یەکێکە لەو هونەرمەندانەی پرسە فەرهەنگی و کولتورییەکانی کردۆتە خەمی خۆی و بەردەوام لە گەڕاندایە بۆ زیندووکردنەوەی ڕەسەنایەتییەکان و جێگیرکردنی ئەو پرەنسیپانەی بە پێویست دەزانرێن لە فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکدا.
ئەوەی (چالاک سدیق) دەیکات لە ڕێی هونەرەوەیە نەک سیاسەت، لەڕێی وەدەنگ هێنانی کەمانچەکەیەتی نەک وتنەوەی دروشمە باقوبریقەدارەکانی سیاسەت، بە ئاوازە کوردییەکانیەتی، بە زیندوکردنەوەی ئاوازە ڕەسەنەکانی کەرکوک و گەرمیانەوە و پێمان دەڵێت ئەوە ئێمەین و ئەوەش مێژوومان و ئەوەش جوگرافیامان.
ئایا توانراوە تایبەتمەندێتییە فەرهەنگی و کولتوریەکانی کەرکوک بپارێزرێن؟
ئایا لە شارەکەی گەورە هونەرمەندی کورد (عەلی مەردان) دا چەندێک بایەخ بە گۆرانی و موزیکی گەرمیانی دراوە؟
ئایا کورد لە کەرکوکدا توانیویەتی شوناسی فەرهەنگ و کولتورەکەی بپارێزێت و کاری ڕژدی لەسەر بکات؟
ئایا ئەو دیدارانەی بۆ موزیکی کوردی دەکرێن دەتوانن ئەم ژانرە هونەرییە بەرەوپێش بەرن؟
(چالاک سدیق) هونەرمەندی موزیسیان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: