کێشه‌ی ریفراندوم و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌نده باس کراوه وه‌کو ده‌گوترێت سه‌ری هه‌موو لایه‌ک کاس بوه، له پێشدا کاتێکی بۆ دانرابوو به‌ڵام نه ریفراندوم ئه‌نجامدرا و نه سه‌ربه‌خۆییش راگه‌یندرا. ئه‌گه‌ر جاران هه‌ر پارتی باسی ریفراندومی ده‌کرد ئێستاکه دیاره یه‌کێتیش له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوو ده‌نگه. ئاخ‌و گوڕ بوون و سیست بوون له بانگه‌شه‌ی ئه‌م داخوازیه ره‌واییه‌ی گه‌لی کورد به چیه‌وه گرێدراوه؟ ئایا زه‌مینه له باره بۆ ریفراندوم؟ ئایا ریفراندوم به بێ په‌رله‌مان، به بێ حکومه‌تێکی کارا و یێجگه له‌وه‌ش سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ش ماوه‌که‌ی به‌سه‌ر چوه شیانی ئه‌نجامدانی هه‌یه؟
دکتۆر کارزان عه‌بدولرحمان لێکۆڵه‌ر و چاودێری کاروباری رامیاری له هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " ووته‌یه‌ک یان پێشینانێکی کوردی هه‌یه که "کابرا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر شتێکم له ده‌ست دا، با نیوه‌ی له ده‌ست ده‌م " واته له نێوه هه‌ڵگه‌رێته‌وه باشه، واته پارته کوردیه‌کان تاکو ئه‌مرۆ به سیاسه‌تی ریفراندوم و به سیاسه‌تی ئاڵا به‌رزکردنه‌وه سه‌ری خه‌ڵکیان خواردووه، با ئه‌مه‌ش تاقی بکه‌ینه‌وه جارێک، با بزانین ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یکه‌ن شتێکی کاتیه هه‌ر وه‌کو جارانه یان به راستیانه وه ئه‌گه‌ر به راستیان بوایه، ده‌بوایه هه‌موو پارته‌کان تێدا به‌شداریان بکردبایه، ئایا کوردستان هه‌ر ئه‌و دوو پارته‌ی تێدایه".
دکتۆر کارزان هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " هه‌ڵبه‌ت زه‌مینه له بار نییه بۆ ریفراندوم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا ته‌نها ئاڵایه‌ک به‌رز کرایه‌وه له که‌رکوک که مافی میلله‌تی کورده و له هه‌موو جیهاندا باوه، هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته ئیقلیمیه‌که هاتنه ده‌نگ، ئه‌وه له ئیاله‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که هه‌ر ئیاله‌تێک ئاڵای خۆێ هه‌یه بێجگه ئاڵای ده‌وڵه‌ته‌که، له‌سه‌ر ئه‌م ئاڵایه ، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داره کورده‌کان ئه‌ڵێن ئێمه ئه‌توانین بیکه‌ین، ده‌با بیکه‌ن و خه‌ڵکیش له دووای ئهوانهویه، به‌ڵام من له‌و بروایه‌دا نییم و کاته‌که‌شی گونجاو نییه"
دکتۆر کارزان ده‌شڵێت " ریفراندوم شێوه‌یه‌که له شێوه‌کانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی میلله‌ت، ده‌با ریفراندوم نه‌که‌ن، با ژیانی خه‌ڵک چاک که‌ن، شه‌هیده‌کان، پرسی نه‌وته‌که، پارته‌کان ببن به یه‌ک، پێشمه‌رگه یه‌ک بگرن،ئاسایش یه‌ک بگرێ، با سنوورێک له‌گه‌ڵ عێراقدا دابنێن ئه‌گه‌ر ئه‌توانن، با ئه‌مانه بکه‌ن تا ئه‌وجا خه‌ڵک بروایان پێی بکه‌ن که راست ئه‌مانه بۆ میلله‌ت ده‌یکه‌ن".