هه‌ر وه‌کو بینیمان هه‌ر پاش هه‌ڵکردنی ئاڵای کو‌ردستان له‌سه‌ر ساختمانه حکومیه‌کانی شاری که‌رکۆک ، ده‌نگی بێزاری ده‌ربرین له به‌غدا، ئه‌نکارا و تاران‌دا به‌رز بوه‌وه. ئاخۆ ده‌بێ کورد گوێ به‌و هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شانه‌ی ئه‌و وڵاتانه دا بدات؟ ئایا هه‌ڵکردنی ئه‌م ئاڵایه هه‌ر وا کارێکی هه‌ڕه‌مه‌کی، وا به ئاسایی ئه‌نجام دراوه یان له پێشدا کاری بۆ کراوه، بیری لێکراوه‌ته‌وه و پلانی بۆ داڕێژراوه؟
دکتۆر جه‌بار قادر لیکۆله‌ر، شاره‌زای بواری ناوچه‌ی کوردستانیه‌کانی ده‌روه‌ی هه‌رێم و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، له هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ حیسابێکی بۆ بکا، پلانی هه‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه و گوره‌شانه چی ده‌کا، به بێ پلان واته ناتوانی سیاسه‌ت بکا، ناتوانی به‌ره‌نگاری ئه‌وانه ببێته‌وه، کورد ده‌بێ له‌م هه‌ڕه‌شه و گوره‌شانه بکۆڵێته‌وه وه بزانێ توانای هه‌ر کام له‌م لایه‌نانه چیه، ده‌توانێ له کوێدا زیانی پێی بگه‌ینێ وه ئه‌م چ کارتێکی به ده‌سته‌وه‌یه و ده‌توانی به‌رگری بکا".
دکتۆر جه‌بار هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " هه‌بوونی وڵاتانی هاووپه‌یمان له کو‌ردستان، هێزه‌کانیان، راوێژکاره سه‌ربازیه‌کانیان، کۆنسوڵه‌کانیان، کۆمپانیه‌کانیان، ئه‌وه یه‌کێک له‌و کارته به‌هێزانه‌یه که ده‌توانێ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی، به تاێبه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی ئه‌و دوو لایه‌نه رابگرێ، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر فیشاری ئابوری و داخستنی سنووره‌کان، ئه‌وه‌یان بابه‌تێکی تره ".
دکتۆر جه‌بار ده‌شڵێت " سه‌باره‌ت به‌و بریاره هیوادارم بیری لێکرابێته‌وه وه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان خرابێته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه ئه‌وجا بریار درابیت، نه‌ک وه‌کو بریارێکی هه‌ڕه‌مه‌کی و حیسابی بۆ نه‌کرا بێ، چونکه گه‌ڕانه‌وه له‌و بریاره به واتای شکه‌ستێکی زۆر گه‌وره ده‌بێ بۆ سیاسه‌تمه‌دارانی کورد وه ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌م باسه هه‌ندێک باوه‌ڕ له لای خه‌ڵکی کو‌ردستان بۆیان درووست کردبێ ئه‌وه‌ش ده‌روا و جارێکی تر زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێ په‌یدای بکه‌نه‌وه".