سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکی توڕە ئامێز بووەوە هاوکاتی سەردانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ هەرێمی گوڵستان لە باکوری ئێران.
حەسەن ڕۆحانی سەردانی شوێنی ئەو کانە کانزاییەی کرد کە تەقینەوەیەک تیایدا بووە مایەی کوژرانی بەلانی کەم 26 کەس.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕۆحانی باسی لەوە کرد هەر کەسێک دەستی لەو هەڵەیەدا هەبووبێت پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەبێ هیچ جیاوازییەک، بەڵام خەڵک و کارگوزاران لەو ناوچەیە بە ئاشکرایانە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ڕۆحانی و کەمتەرخەمییەکانی حکومەتەکەی دەردەبڕی.
سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەڵێت ئەو توڕەیی و ناڕەزایەتییە تەنها بۆ ڕووداوی کانە بەردەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو پەنگ خواردنەوەی کەموکوڕی و کەمتەرخەمیەکانە لە تەواوی چوار ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانیدا و دەشڵێت ڕاستیەکەش لەوەدایە ئەوانەی پێشتر دەنگیان بە ڕۆحانی داوە ئێستا پەشیمانن چونکە هیچ پەیمانێکی ڕۆحانی دابوونی بەجێی نەگەیاندووە.
ئیبراهیم عەلی زادە دەڵێت لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، دۆسێکە لەوەدا نییە ئایا خەڵک دەنگ بە کێ دەدات، بەڵکو لەوەدایە دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستان لەسەر کام یەکێک لە کاندیدەکان یەکلا دەبنەوە و دەشڵێت پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە ئارەزووی خۆیان لە نێوان کاندیدەکاندا مانۆڕ دەکەن.
بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ ئیبراهیم عەلی زادە سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: