هەموومان زمانی گێڕانەوەی ڕووداوەکانمان هەیە، وەلێ کەمن ئەوانەی دەتوانن بە گیانێکی پڕ لە فەنتازیاوە ئەو بەسەرهاتانەمان بۆ بنوسنەوە.
ئەگەرچی وەک بارێکی باو دەگوترێت چیرۆک بریتیە لە گێڕانەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە چیرۆک زمانێکی تایبەتی ئاخاوتنیشی نەبێت بۆ ئایندە و ئەفراندنی سبەینێ و پێکهێنانی واقعێکی نوێ و بەرەنگاربوونەوە و جهێشتنی دیدە باوەکان.
نابێت ئەوەمان لە بیربچێت وابەستەبوون بەو واقیعەی تیایدا دەژیت بەمانای نەتوانینی پەڕینەوەی نوسەرە لە سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی مەوداکانی داهێنان و وشک کردنی خەیاڵ و فەنتازیایە لە دەقەکاندا.
چیرۆکیش دانەبڕاو نییە لە زمان، وەک چۆن لە شیعردا زمان کۆڵەکەیەکی سەرەکییە، بۆ چیرۆکیش بە هەمان ئەندازە گرنگە، بەڵام لەم ژانرەیاندا ناکرێت پرسیارە ڕژدەکانی دەق بکرێنە قوربانی لەبەردەم سادە نوسیندا. سادە نوسین دەشێت بەش بە حاڵی خۆی ئاسانکردنێک بێت بۆ خوێنەر و گەیاندنی پەیام.
زۆرێک لە ڕەخنەگران هاوڕان لەسەر ئەوەی مانا بەشێکی سەرەکییە لە چیرۆکەکان و بەهای ئەم مانایەش دەکەوێتە سەر ئاستی ئەو پرسیارانەی لە دەقەکاندا خۆیان نومایشت دەکەن، بە تایبەتیش ئەو پرسیارانەی بۆ هەموانن، وەک دەگوترێت گرنگی دەقە ئەدەبییەکان دەکەونە سەر ژمارەیەک پرەنسیپ لەوانە پرسیارەکان و گومانەکان و ماناکانیش.
سیامەند هادی لە گرنگی دانەوە بە چیرۆک و تێگەیشتن لە چیرۆکەوە بە ئارامی هەنگاوەکانی خۆی دەنێت بەرەو جیهانی چیرۆک.
لە ڕێی کتێبی "مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆمان" ەوە سیامەندم ناسی، ئەم کتێبە پێ وتم کە نوسەرێک هەیە جیاوازە لەوانی پێش خۆی، لە دێڕەکانیدا هەست بە ڕۆشنبیرییەکی بەرفراوان دەکەیت و ڕێک دەزانیت ئەم نوسەرەمان چەندێک ماندوو بووە بۆ گەیشتن بەو ئاستە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە یەکێکە لە چیرۆکنوسە دیارەکان، بەڵام سیامەند هادی کەم دەنوسێت و یان ئەگەریش بنوسێت ئەوا زۆر کەم کەم بڵاویان دەکاتەوە، هەر بۆیەشە ناوی سیامەند هێندە لە میدیاکاندا نابینرێت، بەڵام کە بەرهەمێکی بڵاو دەکاتەوە وەک (ئاسۆ عومەر سوارە) هونەرمەند و نوسەر پێی وتم " کاتێک چیرۆکەکانی سیامەندم خوێندەوە لە دوا بەرهەمیدا {خۆڵەمێشی ناودارەکان) وەهایان لێکردم جارێکی تر لەگەڵ چیرۆکدا ئاشتببمەوە و ڕوانینم بگۆڕدرێت."
سیامەند هادی بایەخێکی زۆر دەدات بە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆمان.
ئایا لە چیرۆکی کوردیدا، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و سەیرکردنی ئایندە، وەهایان کردووە ئێستامان لە بیربچێتەوە؟
لە "یادەوەریەکانی کۆڵانێکی خاپورکراو" ەوە تا دەگاتە "خۆڵەمێشی ناودارەکان" سیامەند هادی بێدەنگ بوو، لەو بێدەنگیەدا سیامەند دەیخواست چیمان پێ بڵێ؟
ئایا گەڕان و پرسیار و گومان و ونبوون و خۆدۆزینەوە چەندێک ئامادەییان هەیە لە چیرۆکەکانی سیامەند هادیدا؟
ئایا چیرۆکی کوردی ڕووبەڕووی پرسیارگەلێکی هێندە گەورە بۆتەوە کە بگوترێت هۆکارێک بووە بۆ بەرەوپێشچوونی چیرۆک؟
ئایا چیرۆکی کوردی توانیویەتی پرسیاری ڕژد لای خوێنەرانی دروست بکات؟
(سیامەند هادی) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: