سەرەک وەزیری عێراق ئازادکردنی شاری موسڵی ڕاگەیاند لە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.
حەیدەر عەبادی لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا باسی لەوە نەکرد هێشتاش شەڕ لە چەند شەقام و کۆڵانێکی موسڵدا درێژەیان هەیە و ئەمەش وەهای کرد ژمارەیەک لە شیکەرەوە ڕاست و ڕەوان بڵێن هێشتا زوو بوو بۆ ئەو ڕاگەیاندنە.
چەند ڕۆژێک پاش ئەو ڕاگەیاندنەی عەبادی، وەک سەرکردە لەشکرییەکان لە موسڵ ئاماژەیان پێکردووە ناو شارەکە لە داعش پاککراوەتەوە. بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هێزە ئاسایشیەکانی عێراق ناتوانن دڵنیایی و متمانە بدەن بەوەی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەریشی مەترسی خانە نوستووەکانی داعشیان لەسەر نییە.
هەرچۆنێک بێت فەرمانڕەوایانی عێراق جەخت دەکەنەوە لەوەی داعش لە دوا ساتەکانی خۆیدا دەژی لە عێراقدا، وەلێ ئەوەی باسی لێوەناکرێت ئایندەی ئەم وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەیە لە ڕووی سیاسییەوە لە کاتێکدا گومانیش زۆرن کە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی بتوانێت بودجەی پێویست بۆ برەوپێدانی ژێرخانی وڵاتەکەی دابین بکات و دەستبکرێت بە پرسی ئاوەدانکردنەوە.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسایی و شیکەرەوەی سیاسی
شیکەرەوە لەوبڕوایەدان پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە نابنە مایەی سەقامگیرییەکی جێگیر لە عێراقدا ئەگەر بێتوو قەیرانە سیاسییەکانی وڵاتەکە یەکلایی نەکرێنەوە.
لە مێژووی عێراقدا تەواوی کێشە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، هەربۆیەشە لەو وڵاتەدا خۆ قوتارکردن لە گرفتێک بە دەروازەی ئاڵۆزییەکی تردا ڕەت بووە.
هەر هیچ نەبێت بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق ئێستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی پێویستە ئەم عێراقەی پاش داعش ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە تا جارێکی تر وڵاتەکەیان نەکەوێتەوە ژێر دەستی دیکتاتۆرییەت و هەروەهاش هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و هاوشێوەکانی داعش.
دەشێت بگوترێت چۆنییەتی بەڕێوەبردنی عێراق لە قۆناغی پاش داعشدا دەبێتە تاقیکردنەوە گەورەکەی فەرمانڕەوایانی عێراق، لە کاتێکدا جموجۆڵە لەشکرییەکان (شەڕەکانی ئەنبار، شەڕەکانی تکریت، شەڕەکانی موسڵ) هاوتەریب نیین لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی وڵاتەکەدا.
باشترکردن و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی پاش داعش لە عێراقدا پێویستی بە پڕۆژەی پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێک لەو پڕۆژانە نەخراونەتە ڕوو کە پێدەچێت پەیوەندی بە پەڕتەوازەیی ناو ماڵی هەر یەکێک لەو پێکهاتانە و لایە سیاسیانەوە هەبێت.
ئایا لە پاش ئازادکردنی موسڵ، عێراق دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە؟
ئایا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان چ ئامادەکارییەکی هەیە بۆ قۆناغی پاش داعش؟
ئایا عەرەبی سوننە لە عێراقدا دەتوانن چی بکەن لە پاش نەمانی داعش؟
ئایا حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی هەیە بۆ سەقامگیری لە وڵاتەکەدا لە پاش داعش؟
دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسایی و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا"وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە: